عادل عەبدولمەهدی: قبوڵ ناکەین سەروەری عێراق پێشێلبکرێت

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە ڕایدەگەیەنێت، قبوڵ ناکەین سەروەری عێراق پێشێلبکرێت، دەشڵێت: بەرژەوەندی هەموو لایەکمان لەوەدایە ناوچەکە سەقامگیربێت.


لەسەر بانگهێشتی سەرۆك كۆماری توركیا، ئێوارەی دوێنێ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە یاوەری وەفدێكی باڵای حكومی، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ‌و گەورە بەرپرسانی توركیاوە، پێشوازی لێكراو دواتر پێکەوە کۆبوونەوە.

دوای کۆبونەوەیان عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب، ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی هاوبەشیان ئەنجامدا و تێیدا ڕایانگەیاند کە جەختیان لە هەوڵەکان کردەوەتەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو و وڵات و پرسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و تورکیان تاوتوێ کردوە و هەردو لاش ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد کە دەیانەوێت قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان بگاتە 20 ملیار دۆلار.

لای خۆیەوە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقک لە کۆنگرەکەدا وتی: ئێستا ئاسایشی عێراق جێگیرە و کاتێکیش ئەمە دەبێت هەموو بوارەکانی دیکە گەشە دەکەن. وتیشی: بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین لە خاکی عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر تورکیا و سەروەرییەکەی ببەزێنرێت، هەروەها قبوڵیش ناکەین سەروەری عێراق پێشێلبکرێت.

باسی لەوەشکرد کە هەر زیانێک بەر تورکیا بکەوێت زیانە لە عێراق و بەپێچەوانەشەوە، بەرژەوەندی هەموو لایەکمان لەوەدایە ناوچەکە سەقامگیربێت.

بەپێی زانیارییەکان بڕیارە عادل عه‌بدولمه‌هدی، لە سەردانەکەیدا بۆ توركیا چەند ڕێككه‌وتنێک یه‌كلا بكاته‌وه‌ كه‌ دیارترینیان دۆسیه‌ی ئەو سكاڵایەیە كە تایبه‌تە به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان‌.

ک.س