عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشاردایە

عادل عەبدولمەهدی، کە لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقەوە ڕاسپێدراوە حکومەت دابمەزرێنێت، لە ژێر فشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دایە.


ڕۆژی ٢ی ئۆکتۆبەر، عادل عەبدولمەهدی ئەرکدارکرا کە حکومەتی نوێی عێراق دابمەزرێنێت، بەو پێیە پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا حکومەتی نوێ دیاری بکات، بۆ ئەوەش کەتووەتە گۆفتوگۆ و دانوستانەوە، بەڵام فشارەکان ڕێگری لێدەکەن.

بەگوێرەی هەواڵی دەزگا ڕاگەیاندنەکان، عادل عەبدولمەهدی لە ڕۆژی یەکەمەوە دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کاریگەرەکان دەستپێکردووە و هەوڵی داوە لە هەڵوێستەکانیان تێبگات، بەڵام وادیارە ئەو کارە بەو ئاسانییەش نییە.

چاودێرانیش دەڵێن، کە عادل عەبدولمەهدی نەک لەلایەن گەورەترین کۆتلەی پەرلەمانەوە، بەڵکو لەلایەن مەرجەعە ئاینییەکانەوە بووە بە کاندیدی ئەو پۆستە، بەو هۆیەشەوە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەستیان کردووە بە هەوڵدان بۆ ئەوەی لە حکومەتی نوێدا جێبگرن، ئەوەش کاری دامەزراندنی حکومەت سەختتر دەکات.

لە دۆخی ئێستادا لایەنە سیاسییەکان خۆیان پارچەبوون، لەو بارەیەوە دۆخی پ.د.ک و ی.ن.ک دەکرێت وەک نموونە بهێندرێنەوە، ئەو ناکۆکییانەش بەتایبەتی پاش گفتوگۆکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چڕتر بوونەوە.

ئەو حزب و لایەنانەی هەوڵدەدەن لە حکومەتدا جێ بگرن، نوێنەرەکانیان وەک کاندید ئاراستەی عادل عەبدولمەهدی دەکەن، بەڵام لەلایەکیشەوە فشار دەخرێتە سەر عەبدولمەهدی کە حکومەتێکی تەکنۆکرات پێکبێنێت.

موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە، کە نابێت وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری لە دەستی حزبەکان دا بن، بەڵکو دەبێت بدرێنە دەستی تەکنۆکراتەکانەوە بۆ ئەوەی حزبەکان دەستێوەردانی کاروباریان نەکەن.

فاتح یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا لەگەڵ عەدل عەبدولمەهدی کۆبووەتەوە، لەو دانیشتنەدا دۆخی هەر دوو وڵاتەکە نرخێندراوە، وەک هەمیشە دەوڵەتی تورک هەوڵدەدات بەرژەوەندییەکانی لەڕێگای تورکمانەکەوە بپارێزێت، هەروەها دەوترێت کە لەو کۆبوونەوەدا باس لە پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکانیان کراوە، ئەوەش وەک فشارێکی دیکە خراوەتە سەر عەبدولمەهدی.

لەلایەکی دیکەوە ئێرانیش هەوڵ دەدات دەستی هەبێت لە دامەزراندنی حکومەتی نوێی عێراقدا، بۆ ئەوەش هێزە شیعەکان وەک ڕێکخراوی بەدر بەکاردەهێنێت.

هەروەها ئەمریکاش لەو نێوانەدا ڕۆڵ دەگێڕێت، برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترامپ لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی لە دەوڵەتی ئێران دووریان بخاتەوە.

عادل عەبدولمەهدی لە ئێستادا تەنیا سێ هەفتەی لە بەردەمە بۆ ئەوەی حکومەت پێک بهێنێت، ئەگەر نەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، کەسێکی دیکە لەجیاتیی ئەرکداردەکرێت.

ب.ل