عادل عەبدولمەهدی کێیە؟

شەوی ٢ی ئەم مانگە، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، عادل  عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و ئابووریناسی دیاری شیعەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕاسپارد.


عادل عەبدولمەهدی کێیە؟

عادل عەبدولمەهدی ساڵی ١٩٤٢ لەشاری بەغدا لەدایکبووە و ساڵی ١٩٦٢ عێراقی بەرەو فەرەنسا جێھشتووە.

ساڵی ١٩٦٣بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئابووریدا بەدەستهێناوە، ساڵی ١٩٧٠ ماستەری لە زانستە سیاسییەکاندا لە پاریس بەدەستهێناوە، ساڵی ١٩٧٢ ماستەرێکی دیکەی لە بواری ئابووریی سیاسییدا لە زانکۆی بواتییە لە فەرەنسا بەدەستهێناوە.

عەبدولمەهدی جگە لە زمانی دایک، هەردوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی-ش دەزانێت، ماوەیەک سەرۆکی پەیمانگای فەرەنسی توێژینەوە ئیسلامییەکان بووە، لە فەرەنساش کاری بۆ ناوەندەکانی توێژینەوە کردووە و ماوەیەک سەرنووسەری ڕۆژنامە بووە بە زمانەکانی فەرەنسیی و عەرەبی.

عادل عەبدولمەهدی لە ژیانیدا چەند ڕوانگە و بیروبۆچوونێکی جیاوازی گۆڕیوە، لە تەمەنی لاویدا لەژێر کاریگەریی بیری ناسیۆنالیستی عەرەبیی بووە، دواتر و لە ساڵی ١٩٧٠دابووەتە ئەندامێکی باڵای حزبی شیوعیی عێراق، دواتریش لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوویکردووەتە ڕێبازی ئیسلامیی و چووەتە ناو گروپی تازە دروستکراوی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی، کە لە ئێران دامەزرابوو.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پێکهێنانی حکومەتی کاربەڕێکەر لە عێراق عادل عەبدولمەھدی بووە وەزیری دارایی، بۆ ماوەیەکیش بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق.

لە ساڵی ٢٠٠٥دا عەبدولمەهدی بووە جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، هەمانکاتیش ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بووە، ساڵی ٢٠٠٧یش لە هەوڵێکی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە.

عادل عەبدولمەهدی لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٦ وەزیری نەوتی عێراق بووە و دواتر دەستیلەکارکێشاوەتەوە.

لە ئێستادا عادل عەبدولمەهدی بە یەکێک لە سەرکردە سەربەخۆکانی شیعە دادەنرێت، پەیوەندییەکی پتەویشی لەگەڵ سەرکردە کوردەکاندا هەیە.

تاوەکو ئێستاش مەرجەعە باڵا و کاریگەرەکانی شیعە، هیچ هەڵوێستێکی ناڕەزایەتییان لەبەرامبەر ڕاسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەرنەبڕیوە، تەنانەت هەرەیەک لە موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدر و هادی عامری، سەرۆکی فەتح-یش پشتیوانیی لە عەبدولمەهدی دەکەن بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق.

بەگوێرەی یاسا، پێویستەعادل عەبدولمەهدی لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا کابینەی حکومەتەکەی پێکبهێنێت و بیباتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەگەریش نەیتوانی لە وادەی دیاریکراودا کابینەکەی پێکبهێنێت، ئەوا بەگوێرەی مادەی ٧٨ی دەستوور سەرۆک کۆمار پێویستە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کەسێکی دیکە لە گەورەترین کوتلە دەستنیشان بکات بۆ ئەوەی لەماوەی ١٥ ڕۆژدا حکومەت پێکبهێنێت.

ش.ف