عودەی عەواد: دوورنییە وەزارەتە پڕنەکراوەکان تاکۆتایی کابینەی حکومەت وابمێنێتەوە

ئەگەرچی ساڵی ڕابردوو دووای ململانێیەکی زۆر، عادل عەبدولمەهدی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقی پێکهێنا، بەڵام تا ئێستا چوار وەزارەتی بەبێ وەزیر ماونەتەوە، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی سادقیون-یش دەڵێت، ئەگەر هەیە تا کۆتاییهاتنی ئەم حکومەتە ئەو وەزارەتانە هەروا بمێننەوە.


تا ئێستا وەزارەتەکانی بەرگریی، ناوخۆ، داد و پەروەردە لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق بەبێ وەزیر ماونەتەوە و بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، لەناویاندا ناوخۆ و بەرگری سەرۆک وەزیران بەڕێوەی دەبات، دەربارەی چارەنووسی ئەو وەزارەتانە، عودەی عەواد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادقیون لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

عودەی عەواد، ئاماژەی بەوەکرد، کە هەر لەسەرەتاوە دیاربووە كە چەند وەزارەتێك لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی یەكلایی نابێتەوە، وتیشی:"ئەو وەزارەتانەی تا ئێستا بە بەتاڵی ماونەتەوە وەكیل و بەرێوەبەری گشتی وەزارەتەكان بەڕێوەی دەبەن، ئەم وەكیل و بەڕێوەبەرە گشتیانەش كەسانی حزبین، بۆیە حزبەكان كێشەیان نییە لە بەتاڵیی مانەوەیان".

عودەی باسی لەوەکرد، کە دوورنییە هەمان سیناریۆی سەردەمی كابینەی دووەمی نوری مالیكی دووبارە ببێتەوە، كە "کە بۆ ماوەی چوار ساڵی تەواو هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری بە وەكالەت بەڕێوەبرا".

کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی عێراق، بەردەوام ڕووبەڕووی ئەم ئاستەنگیانە بووەتەوە، ئەوەش بە چەندین هۆکار، کە دیارترینیان هەبوونی مەزهەبە جیاوازەکانی عێراق و دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەکییە لە حکومەتی عێراقدا.

س.ح