عێراق ئەرز و ئاسمانی لە هێزە بیانییەکان قەدەغە کرد

لە دانیشتنێکی نائاساییدا، پەرلەمانی عێراق پرۆژە بڕیارێکی پەسەند کرد، کە بریتین لە پێنج خاڵی، تێیدا دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە خاکی عێراقدا پەسەندکرد و ئاسمان و زەوی لە هەموو هێزێکی بیانی قەدەغە کرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکی نائاساییدا پرۆژە بڕیارێکی بەبێ ئامادەبوونی کورد و بەشێکی زۆری سوننە پەسەند کرد.

لە پرۆژە بڕیارەکەدا خاڵەکان بەمشێوەیەن:

١-هەڵوەشانەوەی ئەو داواکارییەی کە پێشتر عێراق ناردبووی بۆ هاوپەیمانی دژی داعش.

٢-پێویستە لەسەر حکومەتی عێراق ڕێگەنەدات هیچ هێزێکی بیانی بە هەر هۆکارێک بێت خاک و ئاو و ئاسمانی بەکاربهێنێت.

٣-هەبوونی چەک تەنها لەدەستی دەوڵەتدا.

٤-وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت لە نەتەوەیەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی ئەمریکا تۆماربکات بەهۆی پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتە لە دژی عێراق.

٥-حکومەتی عێراق خێرا لێکۆڵینەوە بکات لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئەنجامەکەی بە پەرلەمان ڕابگەیێنێت.

 ئەمەش دوای هێرشەکانی ئەمریکا دێت بۆ سەر گروپە شیعییەکان و قاسم سولەیمانی، کە دوایینیان لە ٣ی ئەم مانگەدا کوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەۆکی گشتی دەستەی حەشدی شەعبی.

س.ح