عێراق، داوای مانگرتنی سەرتاسەری دەکرێت و لەچەند پارێزگایەکیش کرایە پشوو

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە بەغدا و بەشێک لە شارەکانی دیکەی عێراق درێژەی هەیە و لەوچوارچێوەیەشدا هەوڵی خۆپیشاندەران بۆ ئەنجامدانی مانگرتنی سەرتاسەری درێژەی هەیە و بەو هۆیەشەوە، ئەمڕۆ لە چەند پارێزگایەکی عێراق پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریریش پەیامێکی پشتگیریان بۆ خۆپێشانداکانی ئێران نارد.


خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە بەغدا و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کە لە ٢٥ی مانگی ڕابردووە دژی گەندەڵی، هەژاری، بێکاری و دواتر داوای دەست لە کارکێشانەوەی حکومەت درێژەی هەیە و بەپێی سەرچاوەکان تا ئێستا لە خۆپیشانداناکاندا  ٣٢٥ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥ هەزار کەسیش برینداربوون.

سەرەڕای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە بەغدا و بەسرە و چەند شارێکی دیکە خۆپیشاندانەکان درێژەیان هەبوو، لەسەر داوای موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، کە داوای دەستپێکردنی مانگرتنی گشتی کرد لە شارەکانی عێراق بۆ فشارخستنەسەر حکومەت و دەسەڵاتداران، بەو هۆیەوە ئەمڕۆ لە هەر سێ پارێزگاکانی زیقار و بابل و میسان کرایە پشووی فەرمی و دەنگۆی ئەوەش هەیە کە لەچەند ناوچەیەکی دیکەش پشوو ڕاگەیەندراوە و سەندیکای کارمەندانی نەوت و غازیش لەسەر داواکەی سەدر مانگرتنیان ڕاگەیاند.

چڕکردنەوەی فشارەکان بۆ دەستپێکردنی مانگرتنی گشتی لە کاتێکدایە ڕۆژی هەینی عه‌لی سیستانی، گه‌وره‌ مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق له‌ میانه‌ی وته‌كانیدا كه‌ له‌ ڕێی نوێنه‌ره‌كه‌ی له‌ نوێژی هه‌ینی له‌ كه‌ربه‌لا ڕایگه‌یاند، عێراق هیچكات وه‌كو و عێراقی ڕابردو و نابێت و بۆ هه‌میشه‌ ده‌گۆڕدرێت.

ڕوولە دەسەڵاتدارانی عێراق سیستانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردبوو کە "ئه‌گه‌ر پێتانوایه‌ به‌ تێپه‌ڕینی كات و پشتگوێخستنی داواكارییه‌كان ده‌توانن خۆتان ده‌ربازبكه‌ن، له‌ هه‌ڵه‌دان بۆیه‌ باشتروایه‌ زیاتر له‌مه‌ كات له‌ده‌ستنه‌ده‌ن و له‌ زووترین كاتدا داواكارییه‌كان جێبه‌جێ بكه‌ن".

دوێنێش خۆپیشاندەران لە بەغدا توانییان بەشێکی پردی ئەحرار کۆنترۆڵ بکەن و هێزە ئەمنییەکانیان ناچارکرد پردەکە بە کۆنکرێت دابخەن، لەکاتێکدا خۆپیشاندەران دیوێکی پردەکانی جمهورییە و سنەکیان داخستووە، بەمەش ئەو سێ پردە سەرەکییەکی کە ڕێگەی سەرەکین بۆ چوونە ناوچەی سەوز لە بەغدا داخراون.

هاوکات خۆپیشاندەران لە پارێزگای بەسرە بەردەوامن لە هەوڵی داخستنی ڕێگەکانی بەندەری ئوم قەسر و کێڵگەی مەجنوون لە پارێزگاکە و بەشێک لە خۆپیشاندەران لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گشتی بەسرە مانیان گرتووە وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕێگرتن لە دەستپێکردنی دەوام.

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقیش بڵاوی کردەوە، کە هاتوچۆی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە دەروازەی شەلامیجەیان لە سنوری پارێزگای بەسرە داخستوە، بەڵام هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئاساییە.

لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە ئێران، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا پەیامێکی پشتگیریان بۆ خۆپێشانداکانی ئێران بە زمانەکانی فارسی، ئینلگیزی و عەربی بڵاوکردەوە و تێدا ڕایانگەیاند، "لەم ڕۆژانە ئێوە شۆڕشی گەلانی عێراق دەبینن، بانگەوازی گەنجانی ناڕازی عێراقی دژی حکومەتەکەیان دەگاتە گوێتان کە لە زۆربەیاندا باسی ئێران دەکرێت، هیوادارین باش بزانن کە ئێمە جگە لە  خۆشەویستی و ڕێز شتێکی دیکەمان بۆ گەلانی ئێران لە دڵدا نیە،  کێشەی ئێمە تەنها لەگەڵ ڕژێـمی ئێرانە کە پشتیوانی لە گەندەڵکار و بکوژانی وڵاتی ئێمە دەکەن".

خۆپیشاندەران ڕاشیانگەیاندووە، "چاومان لەوەیە ڕزگارمان بێت لە حکومەتی دز و گەندەڵکار، هەروەها هیوادارین پەیوەندی پەتەومان لەگەڵ گەلانی ئێران هەبێت کە شایستەی دەسەڵاتێکی دادپەرورو شارستانین، دەسەڵادارە زاڵمەکان بەرەو لەناوچون دەچن گەلانێش لەسەر پێن دەمینن".

ک.س