عێراق لە بارەی قۆناغێکی خوێندنەوە بڕیاریدا

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئاشکرایکرد کە ئەنجامی نیوەی ساڵی قۆناغی سەرەتایی خوێندن، بە ئەنجامی کۆتایی ساڵی خوێندنی ئەمساڵی پۆلەکانی یەک تا پێنجی سەرەتایی هەژمار دەکرێت.


لە ئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پرۆسەی خوێندن لە سەرتاسەری عێراق ڕاگیراوە، ئەوەش مەترسی لەسەر پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دروستکردوە.

حەیدەر فاروق، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ سۆمەریەنیوز، بڕیارێکی وەزارەتەكەی سەبارەت بە خوێندنی ئەمساڵ ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند بەپێی بڕیارێکی وەزارەتەکەیان سەرجەم خوێندكارانی پۆلە كۆتاكانی شەشی سەرەتای، سێ ناوەندی و شەشی ئامادەیی بەشداریی لە تاقیكردنەوەكانی کۆتایی ساڵدا دەكەن.

وتیشی: وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریداوە خوێنكارانی پۆلە ناكۆتاكانی وەک یەكەم و دووەمی ناوەندی، هەروەها چوارەم و پێنجەمی ئامادەیی پێویستە لەسەریان لە بری خوێندنی وەرزی دووەم ڕاپۆرت لەسەر بابەتەكانیان ئامادەبكەن.

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، وتیشی: خوێندكارانی پۆلەكانی یەكەم تا پێنجەمی سەرەتایی، نمرەكانی وەرزی یەكەم جارانی دوو دەكرێت و ئەنجامی ئەوەش دەبێتە نمرەی کۆتایی ئەو خوێندکارانە و بەوشێوەیەش ئەمساڵی خوێندنی ئەو پۆلانە كۆتایی پێدەهێندرێت.

بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، خوێندکارانی شارەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و تەنها بۆ خویندکارانی شارەکانی عێراقە.

ک.س