عێراق: پابەندین بە بڕیاری دەرکردنی هەموو هێزە بیانییەکان

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: وڵاتەکەی ڕێککەوتنێک واژۆ ناکات لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ بەردەوامکردنی تێکۆشان دژی داعش و پابەندن بە بڕیاری دەرکردنی هەموو هێزە بیانییەکان.


دژی کوژرانی قاسم سولەیمانی و فەرماندەکانی حەشدی شەعبی لە هێرشێکی ئەمریکادا، ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق پرۆژە بڕیارێکی لەسەر دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە وڵات پەسەند کرد.

ویلیام وەردە وتەبێژی حکومەتی عێراق بە سی ئێن ئێن'ی وتووە: حکومەتی عێراقی پابەندە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمان کە جەخت لەسەر چوونە دەرەوەی هەموو هێزە بیانییەکان لە عێراق دەکاتەوە.

وەردە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هێزە بیانییەکان تەنیا بە واتای هێزەکانی ئەمریکا نییە و هەموو هێزە بیانییەکانی سەر خاکی عێراق دەگرێتەوە.

ئەوەشی وتووە کە هیچ ڕێکەوتنێک لەسەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا نییە و حکومەت لەسەر ڕێگەی دروستە بۆ جێبەجێی کردنی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە هێزەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی عێراق بە تایبەت لە ناوچەکانی باکوری دهۆک و هەولێر و هەروەها بنکەی بەعشیقە لە موسل جێگیر کراون، بێ ئەوەی لایەنی عێراقی پەسەندی کردبێت، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٦ ئەم هێزانە وەک هێزی داگیرکەر ناسران، بەڵام بە کردەوە کارێک بۆ دەرکردنیان نەکراوە.

س.ح