عەبادی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ناوی گەندەڵکاران دەکات

سەرۆک وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یان، كه‌ لیستی ناوی گه‌نده‌ڵكارانیان ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی کردووە،و ئه‌وانیش كاری خۆیان ده‌كه‌ن و پاشان ناوی ئه‌وانه‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه کە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.


ئێوارەی ئەمڕۆ، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، لە وتاری هه‌فتانه‌ی خۆیدا لە بەغدا، تیشکی خستەسەر خۆپیشاندانەکان و گەندەڵیی لە عێراقدا.

عەبادی، ڕایگەیاند: لیستی ناوی گه‌نده‌ڵكارانمان ئاراستەی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی کردووە، ئه‌وانیش كاری خۆیان ده‌كه‌ن و پاشان ناوی ئه‌وانه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبارن.

داواشی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان و دادوه‌ریی‌ كرد، کە هاوكاری‌ لایه‌نه‌ جێبه‌جێكار بکەن له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیدا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، تیشکی خستەسەر خۆپیشاندانه‌كانی باشور و ناوەڕاستی عێراقیش و‌ وتی: داواكاری خۆپیشانده‌ران به‌ جددی وه‌رده‌گرین، هه‌وڵده‌ده‌ین كاربكه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیان.

وتیشی‌: خۆپیشاندانه‌كان هانمان ده‌ده‌ن خزمه‌تگوزاری‌ زیاتر پێشكه‌شی‌ هاوڵاتیان و عێراق بكه‌ین.

ب.ل