عەبادی و بارزانی پاراستنی هاوبەشییەکانی نێوانیان بەگرنگ دەزانن

هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و جەختیان لە پەیوەندی و ئاڵوگۆری بیروڕا لەنێوان هەردوولادا کردووەتەوە، بە گرنگیشزانرا کە لەپێناو دوورخستنەوەی هەر مەترسییەک لەسەر عێراق، ئەو هاوبەشییەکانی نێوان عێراق و هەرێم بپارێزرێن.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ عەبادی لە بەغدا پێشوازیی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە فوئاد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم ئامادەبووە، هەردوولا تاوتوێی دۆخی سیاسیی وڵاتیان کردووە و باسیان لە کۆمەڵێك مەلەفی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمدا کردووە، بەجۆرێک کە لەپێناو یەکریزیی و بەرژەوەندی عێراقدا بێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر پەیوەندی و ئاڵوگۆری بیروڕا کردووەتەوە و باسیان لە کاری نیشتیمانیی هاوبەش کرووە، بەتایبەت دوای یەکخستنی هەوڵەکان بۆ سەرکەوتن بەسەر چەتەکانی داعش-دا بە هاوبەشی لە نێوان هێزە ئەمنییەکاندا و لەڕیزیشیاندا هێزی پێشمەرگە، بە گرنگیشزانرا کە ئەو هاوبەشییان بپارێزرێن، ئەوەش لەپێناو دوورخستنەوەی هەر مەترسییەک لەسەر عێراق.

بەهۆی ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ی ئەیلولی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستانەوە، سستیی کەوتە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، وەک کاردانەوەیەکیش بەرامبەر ئەو ڕیفراندۆمە، ١٦ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ، هێزە عێراقییەکان هێرشیانکردە سەر ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و سەرجەم ئەو ناوچانەیان لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی هەرێمی کوردستان دەرهێنا و خستیانە ژێر کۆنرۆڵی خۆیانەوە.

ب.ل