عەرەبەکانی دەشتی نەینەوا دژی پەرتەوازەکردنی گەلان ناڕەزایەتیان پیشاندا

پێکهاتەی عەرەبی دەشتی نەینەوا لە دژی شێخێکی عەرەب، کە بەناوی ئەوانەوە قسەی کردبوو وتبووی 'من داوامان کردووە دەوڵەتی تورک بۆردوومانی شەنگال بکات'، لێدوانیاندا و ڕایانگەیاند، کە ئەو کەسە نوێنەرایەتی پێکهاتەی عەرەب ناکات و ئەوان ڕێگە نادەن هیچ کەسێک دووبەرەکی بخاتە نێوان پێکهاتەکانی دەشتی نینەواوە.


شێخ موزاحیم ئەلحوعەیتی، ماوەیەک پێش ئێستا بح هەندێک لە ڕاگەیاندنە عەرەبییەکان قسەیکردبوو، خۆی وەک نوێنەری هەموو عەرەبەکانی دەشتی نینەوا پیشاندابوو، شێخ موزاحیم وتبووی ئەو داوای لە تورکیا کردووە شەنگال بۆردوومان بکات، ئەو قسانەش ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی گەورەی پێکهاتەی عەرەبی دەشتی نینەوای لێکەوتەوە و ڕەتیانکردەوە، کە ئەو شێخە نوێنەراتی ئەوان بکات.

ئێوارەی دوێنی پێکهاتەکانی عەرەبی دەشتی نینەوا، بە لێدوانێک بۆ میدیاکان، وەڵامی شێخ موزاحیم-یان دایەوە، لێدوانەکە لە ناوەندی شەنگال و لەلایەن سەعید قاسم سەرۆکی یەکێتی عەرەبەکانی ڕۆژئاوای دەشتی نینەوا پێشکەشکرا، قاسم لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە هەوڵدانەکانی تێکدانی پێکەوە ژیانی گەلانی ناوچەکە کرد و، وتی: داواکاریمان پێکەوە ژیانە، دەمانەوێت لەگەڵ گەلی شەنگال (ئێزدی) بژین، بۆ ژیانێکی ئارام دمانەوێت یەکێتی دروست بکەین، ئەنجومەنێکیش کە بەو تازەییە دامانمەزراندووە هەموو خزمەتێکی پێویست بە گەل دەکات.

سەعید قاسم لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا وەڵامی شێخ موزاحیمی دایەوە و وتی: شێخ موزاحیم لەسەر کاناڵە ڕاگەیاندنەکان خۆی وەکوو نوێنەری هەموو عەرەبەکانی دەشتی نینەوا دەناسێنێت، بەڵام ڕاست نییە، ئەو تەنیا بەناوی خۆیەوە قسەی کردووە و نوێنەرایەتی ئێمە ناکات، ئەو کەسە بەنیازە پێکەوەژیانی گەلان ئاڵۆز بکات،  قسەکانی هەستی خەڵکی ناوچەکەی بریندارکردووە و پێکەوەژیانی تێکداوە و ئارامی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، ئەو کەسە وتوویەتی من داوام لە دەوڵەتی تورک کردووە، شەنگال کە پارچەیەک لە خاکی عێراقە بۆردوومان بکات، ئەوە قسەیکی مەترسیدارە.

هەروەها بانگی هەستیاری لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و گەلی ناوچە کرد و وتیشی: نەتەوە و باوەڕییەکانی ناوچەکە هەموو برای یەکن، ئێمە ئەو هەوڵانە بۆ پەرتەوازەکردنی سوننە، کورد، شیعە و ئێزدی ڕەتدەکەینەوە، من لەگەڵ مامی خۆم 'محسین ئەلحوعەیتی' قسەم کردووە، ئەویش دژی قسەکانی موزاحیم بووە.

س.ح