عەلاوی: بەڵێنەکانی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ناڕاستە

ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، کە دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بەڵێنی پاراستنی خۆپیشاندەرانیدا، دیاردەی ڕفاندنی چالاکوانان بەردەوامە، ئەوەش ئاماژەی ئەوەیە بەڵێنەکانی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران ناڕاستن.


ئێوارەی دوێنێ ئەحمەد وشاح، یەکێک لەچالاکوانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لەناوچەی جادریە لە ناوەڕاستیی بەغدا لەلایەن هێزێکی نەناسراوەوە ڕفێندرا، ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانی عێراق لەسەر ئەو ڕووداوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

ئەیاد عەلاوی، لەڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت: بەردەوامی رفاندنی چالاکوانان ئاماژەی ئەوەیە دەسەڵات بە هەر شێوازێک بووە دەیەوێت کۆتایی بە ناڕەزاییەکان بهێنێت، لەئێستاشدا بە شێوازێکی دوژمنکارانە هەوڵی کۆتای یپێهێنانی خپیشاندانەکان دەدات.

ئەیاد عەلاوی، نیگەرانی خۆی خستووەتە ڕوو لەسەر ئەوەی حکومەت بەڵێنەکانی بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران جێبەجێ ناکات و دەڵێت: هەوڵەکانی رفاندن مانای ئەوەیە وتارەکەی سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو (محەمەد تۆفیق عەلاوی) بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و جێبەجێکردنی دواکارییەکان ناڕاستن، چونکە دوای وتارەکەی ئەحمەد وشاح بێسەروشوێنکراوە.

د.ع