عەلی خامنەیی: ئەوروپییەکان لە پشتەوە خەنجەریان لێداین

ڕێبەری ئێران سیاسەتمەدارە ئەوروپییەکان بە "وەحشی ڕاستەقینە" ناودەبات و باس لەوەش دەکات، کە ئەوروپییەکان لە پشتەوە خەنجەریان لێداین، دەشڵێت: ئەوروپا بە کردەوە لە ڕێکەوتنی ئەتومیی کشاوەتەوە. 


دوێنێ عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران لە وتاری ساڵانەی خۆی لە پارێزگای خوراسان، کە لە مەزارگەی ئیمامی هەشتەمی شیعەکان لە شاری مەشهەد پێشکەشی کرد، باسی لە هەندێک بابەتی وەک؛ بەهێزکردنی بناغەی بەرگریی، پێویستی بایەخدان بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پەیوەندییەکانی ئێران و ئەوروپای کرد. 

ڕێبەری ئێران لەسەر ڕۆڵی ئەوروپا لە بەرجام (ڕێککەوتنی ئەتۆمی)، وتی: لە بەرجام ئەوروپییەکان ئەرکەکانییان پێکنەهێنا، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لەو پەیمانە کشایەوە، پێویست بوو ئەوروپییەکان بە پێداگرییەوە ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکردایە، بەڵام بە بیانوی جۆربەجۆر لەژێر بەرپرسیارەتی ڕایاندەکرد و داوایان دەکرد، کە ئێران لە پەیمانەکە بمێنێتەوە، کەچی خۆیان بە کردەوە لەو پەیمانە کشاونەتەوە. 

خامنەیی هەروەها لەسەر ئەو کەناڵە بازرگانییە لە نێوان ئەوروپا و ئێران کراوەتەوە بە ناوی ئیستکس، دەڵێت: کەناڵی بازرگانی ئەوروپییەکان گاڵتە بوو، بەڵام گاڵتەیەکی تاڵ، ئەوان لە پشتەوە بە خەنجەر لە ئێمەیان دا. 

خامنەیی سەبارەت بە دپلۆماتە ئەوروپییەکان وتی: قات لەبەر دەکەن، بۆینباخ لەمل دەکەن، بۆن لە خۆیان دەدەن، بەڵام لە ناخیاندا وەحشی ڕاستەقینەن. 

خامنەیی هەروەها جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە، لە ساڵی داهاتوو ئێران بەردەوام دەبێت لە بەهێزکرددنی بناغەی بەرگریی خۆی و لەژێر فشاری کەس نامێنێت، هەروەها وتوویەتی کە؛ یەکێک دیکە لە کارەکانمان بایەخدانە بە بەرهەمهێنانی ناوخۆیی. 

ئەم قسانەی خامنەیی لە کاتێکدایە، کە دوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا، زۆربەی کارگەکان و بەرهەمهێنانە ناوخۆییەکان داخراون، ئەوانەش کە ماونەتەوە و کار دەکەن، توانای پێدانی حەقدەستی کرێکاران و دابینکردنی ماددەی دەستپێکیان نییە، هەربۆیە و بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر سیاسەتەکانی دەوڵەت ڕۆژانە کرێکاران، ماموستایان و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگای ئێران دێنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن. 


ک.ک