عەمار حه‌كیم: ئاسمانی عێراق مه‌یدانی هیچ ده‌ستدرێژییه‌كی ده‌ره‌كی نییه‌

عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌، ڕایدەگەیەنێت، ئاسمانی عێراق مه‌یدانی هیچ ده‌ستدرێژییه‌كی ده‌ره‌كی نییه‌ و خاکەکەشی كۆگای هیچ چه‌كێك نییه‌ جگە لە عێراقی، باس لە دروستكردنی حكومه‌تی سێبه‌ریش دەکات.


له‌ وتارێكدا كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی خه‌للانی ناوه‌ڕاستی به‌غدا، پێشكه‌شیكرد عه‌مار حه‌كیم، سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌، لەسەر هێرشی وڵاتانی بێگانە لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراقەوە هاتە دەنگ، هاوکات هه‌ڕه‌شه‌ی دروستكردنی یه‌كه‌مین حكومه‌تی سێبه‌ر لە عێراق دەکات.

حه‌كیم له‌لێدوانێكدا وتی: عێراق كۆگای هیچ چه‌كێك نییه‌ عێراقی نه‌بێت هه‌روه‌ها ئاسمانه‌كه‌ی مه‌یدانی هیچ ده‌ستدرێژیه‌كی ده‌ره‌كی نییه‌ و زۆر له‌ مه‌رامه‌كانی ده‌ستدرێژیكاران زیره‌كتره‌ ئیسرائیل بێت یان هه‌ر لایه‌نێكی تر.

ئاماژەی بەوەشکرد، مه‌ترسیدارترین شت تووشی حه‌شدی شه‌عبی بێت ئه‌وه‌یه‌ له‌چوارچێوه‌ی یاسا ده‌رچێت و به‌ئامانجگرتنی ئه‌و هێزه‌ به‌ئامانجگرتنی سه‌روه‌ری عێراقه‌ و ڕێگه‌ به‌وه‌ ناده‌ین.

حەکیم هۆشداریشیدا لە دروستکردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و وتی "ده‌ستمانكردووه‌ به‌ دروستكردنی به‌ره‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی، له‌م نزیكانه‌شدا یه‌كه‌مین حكومه‌تی سێبه‌ر دروستده‌كه‌ین".

ک.س