فشاری ئێران بۆسەر چالاکوانان زیادیکردووەو زیندانیان ماندەگرن

دەوڵەتی ئێران فشاری بۆسەر چالاکوانانی مەدەنی زیادکردووە و لە ماوەی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەستگیر کردووە، لە بەرامبەر ئەو فشارانەدا زیندانیانی سیاسی دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن.


لە کاتێکدا دەوڵەتی ئێران ساڵانە و بەردەوام بە پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ تاوانبار دەکرێت و دۆخی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە تادێت خراپتر دەبێت و هاوکات فشارە دەرەکییەکان بە گەمارۆ و هەڕەشەی سەربازی لەسەری زیادی کردووە، رۆژبەڕۆژ فشارەکانی بۆسەر چالاکوانانی مەدەنی، مافەکانی مرۆڤ، ژینگەپارێزان، زیندانیانی سیاسی و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا زیاد دەکات.

بەپێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، فشارەکانی دەوڵەتی ئێران بۆسەر چالاکوانان زیادیکردووە و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کەس دەستگیرکراون و ڕەوانەی زیندانەکان کراون، کە چارەنووسی هەندێکیان نادیارە.

دواترینیان دوێنێ پێنج چالاکوانی کورد خەڵکی کامیاران دەستگیرکراون، ناوی چوار لەو کەسانە 'بورهان کەمانگەر، سیروان مورادی، ئارمان قەیتاسی و بێهزاد کەمانگەر'ـە و کەسی پێنجەمیش ناوەکەی نەزانراوە.

هەفتەی ڕابردووش دوو هاوڵاتی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و ڕەوانەی زیندان کراون، ناوی ئەو دوو کەسەش 'ئاسۆ گەرمیانی و مەجید دەریایی'ـە کە خەڵکی شــنۆ سەربە پارێزگای ئورمەین.

هەر هەفتەی ڕابردوو دوو هاوڵاتی خەڵکی مەریوان بە ناوەکانی 'حەمدی ئەختەر کاوان و شاهۆ ئەختەر کاوان' لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بانگهێشت کراون و دواتر دەستگیرکراون و ڕەوانەی زیندانی دەوڵەتی ئێران لە شاری سنە کراون.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ڕۆژی ٢٤ی مانگی ڕابردوو هاوڵاتییەکی خەڵکی گوندی 'دەرەبکە'ی سەر بە پیرانشار لەپارێزگای ئورمیە بەناوی 'عومەر ئابڕەوان' لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تا ئێستا چارەنووسی نازانرێت.

ئەو لێشاوی دەستگیرکردنە چالاکوانانی ژنیشی گرتووەتەوە و هەر ڕۆژی ٢٤ مانگی ڕابردوو، ژنە چالاکوانی مەریوانی 'پەروین ئەدوایی' لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە دوای پشکنینی ماڵەکەی دەستگیرکراوەو ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.

پەروین ئەدوای لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو لە بواری مافی ژنان و منداڵان و ژینــگە لە شاری مەریوان چالاک بووە، هەروەها لە بە دوادچوونی دۆسیەی دەستدرێژی بۆسەر منداڵێک لە گوندی ” سلێن” ی هەورامان ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە.

بەپێی ڕاپۆتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوودا، نزیكەی‌ ٢٠ کەس لە دانیشتوی شارەدێی 'رێژاو سه‌ربە داڵاهۆ'  له‌ پارێزگای كرماشان له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییە‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون و گوازراونەتەوە بۆ زیندانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری كرماشان و هه‌ندێكیان براونەتە زیندانی دیزڵ ئاوا له‌ شاری كرماشان.

ناوی هەندێک له‌و کەسانە به‌م شێوه‌یه‌: عه‌دنان ته‌هماسبی، ڕزگار ئیبراهیمی، یه‌حیا موسته‌فایی، یه‌عقوب ئه‌ڵماسی، یاسر دارابی، په‌یمان موحه‌مه‌دی، پولیان عه‌زیزیان، شه‌مسه‌دین قادری، ئیمان ساڵه‌حی، حه‌مزه‌ موحه‌مه‌دی، عه‌لیڕه‌زا موحه‌مه‌دی، عومران دارابی، ناوی ئەوانەی دیکە نەزانراوە و چارە نووسیشیان نادیارە.

لە بەرامبەر فشارەکاندا زیندانیان ماندەگرن

دەوڵەتی ئێران، هێزە ئەمنییەکان و دەزگای دادی جیا لەوەی چالاکوانان دەستگیر دەکەن و ڕێگە بە هیچ چەشنە چالاکییەکی مەدەنی نادەن، دوای زیندانی کردنیشیان لە زیندانەکان فشار دەخەنە سەریان، بەپێی هەواڵێکی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، "قادر سەلیمی، مستەفا سەبزی، ڕەحمی تورگووت، بەشیر پیرماوانە و محەممەد پیشبین" بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دۆخی ناجێگیری تەندرووستی خۆیان لە زیندانی دەوڵەتی ئێران لە شاری ئورمیە، دەستیان داوەتە مانگرتن لەخواردن و تا ئێستا بەردەوامن لە مانگرتنەکەیان.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممە ٣ی ئەم مانگە، پەیمان میرزازادە گۆرانیبێژی خەڵکی ئورمیە دوای شەش ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنەکەی هێنا، ئەو مانگرتنەش دوای ئەوە هات کە سزای لێدانی ١٠٠ قامچی لەسەری جێبەجێی کرا.

بەپێی ئامارەکان لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٩ـەوە تا ئێستا ٢٥٠ کەس دەستگیر کراون.

س.ح