فڕۆکەکانی ڕوسیا ئیدلب و حەلەبیان بۆردوومان کرد

فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا بۆ پشتیوانی سوپای ڕژێمی سوریا، پێدەشتەکانی ئیدلب و حەلەبیان بۆردوومان کرد، لە وەڵامدا سوپای تورکیش خاڵەکانی ڕژێمی سوریایان لە نەیرەب تۆپباران کرد.


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیا و ڕژێمی سوریا، بەیانی ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکی حەلەب و ئیدلبیان بۆردوومان کردووە.

بەپێی ڕوانگەکە، ناوچەکانی کەفەر نوبل هەزارین، بەسقلا، تل نار، کەفەر سەجان، کەنسەفرا و ئەحسەم بۆردوومان کراون، هێزەکانی ڕژێمی سوریاش پێدەشتەکانی ڕۆژئاوای حەلەبیان تۆپباران کردووە.

ڕوانگەی سوری هەروەها ڕایگەیاندووە، سوپای دەوڵەتی تورک خاڵەکانی ڕژێمی سوریای لە نەیرەب لە ڕۆژهەڵاتی ئیدلب تۆپباران کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە هێزەکانی ڕژێمی سوریا و چەتەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە دەوروبەری تل نار، کەفەر سەجان و شێخ دامس لە باشوری ئیدلب ڕووبەڕووی یەک بوونەتەوە و پێکدادان ڕوویداوە.

س.ح