فەرماندەیەکی بەسیج: خودا ئێمەی ڕزگار کرد

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسیج خۆپیشاندانەکانی ئێران بە جەنگی جیهانی ناو دەبات و ڕایدەگەیەنێت "تەنیا خودا ئێمەی ڕزگار کرد".


دوێنێ سالار ئابنووش، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسیج، بە ناولێنانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی گەلانی ئێران دژی سیاسەتەکانی دەوڵەت، بە "جەنگی جیهانی هەمە لایەنە"، دانی بە گەورەیی و بەرفراوانی خۆپیشاندانەکاندا ناوە.

لە کاتێکدا دوای پچڕاندنی ئینتەرنێت، لەلایەن کاربەدەستانی ئێرانەوە، هەواڵێکی ڕوون لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەکان بڵاوناکرێتەوە و هەندێک کەناڵی تێلگرامی باس لەوە دەکەن شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەران بارەگایەکی سوپای پاسدارانیان لە بەندەر عەباس سووتاندووە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسیج باسی لەوە کردووە کە "خودا ئەوانی ڕزگار کردووە".   

ئابنووش وتوویەتی: جەنگێکی جیهانی هەمە لایەنە دژی دەسەڵات و شۆڕش دەستیپێکرد و بە یەکجاری هەموو وڵاتی گرتەبەر، سەرکوت کرا، دەنا وایان دانابوو کە هەموو وڵات لەناو بەرن.

ئابنووش ئیسرائیل، ئەمریکا و سعودیەی تۆمەتبار کردووە بە داڕشتنی ئەم ناڕەزایەتییانە و وتوویەتی: تێکەڵەیەک لە هاوپەیمانی شەیتانەکان پێکهاتبوو، "ئاژاوەگێڕان" کۆمەڵکوژی نیوەی ئێرانیان کردبووە ئامانجی خۆیان.

هەروەها وتوویەتی: ئینتەرنێت درەنگ پچڕا، بەڵام پچڕانی ئینتەرنێت یارمەتیی دەربوو کە بە ڕێکخستنکردنی گروپەکان تێکبچێت، کۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەکان 'موعجیزە' بوو، تەنیا خودا ئێمەی ڕزگار کرد.

جێگای ئاماژەیە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا کوژرانی زیاتر لە سەد کەس، برینداربوونی زیاتر لە سێ هەزار کەس و دەستگیرکردنی حەوت هەزار کەس لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی بڕینی هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە و پچڕانی ئینتەرنێت، هیچ ئامارێکی کۆتایی بڵاونەکراوەتەوە و بە تەواوەتی دیار نییە کە خۆپیشاندانەکان کۆتاییان پێهاتووە یان نا.

ک.س