فەلاحەت پیشە: ٣٠ ملیارد دۆلارمان داوەتە سوریا دەبێ وەریگرینەوە

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند: ٢٠ بۆ ٣٠ ملیارد دۆلار لە سامانی ئەم خەڵکەمان داوەتە سوریا، کە دەبێت وەریگرینەوە.


حشمەتوڵا فەلاحەت پیشە، نوێنەری شاری شاباد لە پەرلەمانی ئێران و ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمان، لەگەڵ ڕاگەیاندێکی ئێرانی باسی لە پێدانی ٢٠ بۆ ٣٠ ملیارد دۆلار بە سوریا لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە کردووە.

فەلاحەت پیشە، ڕایگەیاند: هەندێک کەس ڕەخنە دەکەن کە لە سوریا پارەمان خەرج کردووە، ئەمە ڕاستە، لەوانەیە ٢٠ بۆ ٣٠ ملیارد دۆلارمان دابێتە سوریا، بەڵام پێویستە وەریگرینەوە، چونکە سامانی ئەم خەڵکەیە کە لەوێ خەرج کراوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کاربەدەستانی ئێران دان بەوە دابنێن کە سامانی خەڵکی ئێرانیان لە سوریا خەرج کردبێت و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیان لە سوریا کردبێت، پێشتر محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "بە شانازییەوە دەڵێم، ئێمە تا کۆتایی پشتیوانی لە سوریا، لوبنان، فەڵەستین و یەمەن و میحوەری خۆڕاگری (مقاومە) دەکەین".

پێشتر نەفتالی بنت، وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل ڕایگەیاند: دەوڵەتی ئێران دەستی بە پاشەکشە و کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا کردووە و بە شێوەیەکی بەرچاو، فراوانی هێزەکانی لە سوریا کەمکردووەتەوە، تەنانەت چەندین بارەگای سەربازیشی چۆڵکردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا، حەسەن نەسروڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵای لوبنان، لە وتارێکی خۆیدا، دانی بەوەنا کە ئێران لە سوریا دەکشێتەوە و ڕایگەیاند: ئێران پێش کوژرانی سولەیمانی و لە دوو ساڵی ڕابردووەوە کشانەوە و کەمکردمنەوەی هێزەکانی لە سوریا دەستپێکردووە.

جێگای ئاماژەیە، بەپێی سەرچاوە ئێرانییەکان، جگە لەو پارانەی ئێران داویەتی بە سوریا، تا ئێستا زۆربەی چەک و تەقەمەنییەکانی سوپای ڕژێمی سوریا لەلایەن ئێرانەوە دابین کراوە و دەرەوەی ئەندامانی سوپای پاسدارانی و حزبوڵای لوبنان، نزیکەی ٢٠ هەزار ئەفغانی و پاکستانی لەژێر ناوی لەشکرەکانی فاتمیون و زەینەبیون، بە پارەی ئێران لە سوریا بۆ مانەوەی ئەسەد شەڕیان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئێران بەهۆی سیاسەتە ئابووریی و سیاسییەکانی دەسەڵاتی ئێرانەوە لە دۆخێکی نالەبار دەژین و بە دەستپێکردنی قەیرانی کۆرۆنا، بێکاری و هەژاری لە ئێران و بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند قات بەرزبووەتەوە.

ک.س