قائیمقامێک: خۆم فەرمانم بە هێزەکاندا تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن

لەیلا واسقی قائیمقامی شارۆچکەی قودس لە پارێزگای تاران ڕایگەیاند، خۆی فەرمانی بە هێزەئەمنییەکان کردووە تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن.


لە کاتێکدا کاربەدەستانی ئێران هیچ ئامارێکیان لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەران بڵاونەکردووەتەوە و هەندێکیان خۆپیشاندەران بە تەقەکردن لە خەڵک تۆمەتبار دەکەن، دوێنێ لەیلا واسقی، کە قائیمقامی شاری قودسە لە ڕۆژئاوای شاری تارانی پایتەختی ئێران، لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'ئێران' دانی بەوەداناوە کە خۆی فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە کە تەقە لە خۆپیشاندەران بکەن.

واسقی لە چاوپێکەوتنەکەدا وتوویەتی: سەربازێکی کەم لەناو بینای قائیمقایەت مابوونەوە و کاتێک کە خۆپیشاندەران بە تووڕەییەوە هاتنە بەردەم بیناکە و دەرگاکەیان شکاند، سەربازەکان پاشەکشێیان کرد، "دەیانوت: دەی لێمان بدەن"، چونکە دەیانزانی سەربازەکان تەقەیان لێناکەن، بۆیە فەرمانم بە پۆلیس کرد کە تەقە لەو کەسانە بکەن کە هاتوونەتە ناو بیناکە.

لە قسەکانی واسقی دیارە کە سەرەڕای تەقەی هێزەکانی پۆلیس و کوشتنی خۆپیشاندەران، بەڵام بینای قائیمقامێتی کەوتووەتە دەستی خۆپیشاندەران و ئەو هەڵهاتووە، چونکە لە بەردەوامی قسەکانی دەڵێت: دوای داگیرکردنی قائیمقامیەت چوومە ناوەندی سوپای پاسداران و لەگەڵ هێزەئەمنییەکان گەڕامەوە بۆ بینای قائیمقامیەت.

واسقی باسی لەوە نەکردووە کە چەند کەس لە خۆپیشاندەران لەو ڕووداوە و بە فەرمانی ئەو کوژراون یان برینداربوون، بەڵام سایتی "کەلەمە" کە خۆی وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی دەناسێنێت، ڕایگەیاندووە کە، لە شاری قودس نزیکەی ١٠ کەس کوژراون  و ژمارەیەکی زۆریش برینداربوون.

ک.س