قەسەدە ئاماری ٣ ڕۆژی ڕابردووی ئاشکرا کرد

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک  ئاماری هێرشی سێ ڕۆژی ڕابردووی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، هێرشە داگیرکەرییەکانی سەر ناوچەکە بەردەوامن.


ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ئاماری هێرشی سێ ڕۆژی ڕابردووی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای ئاشکراکرد.

قەسەدە ڕایگەیاند:

" پلانە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە ناوچەکە بەردەوامن، فڕۆکە جەنگییە بێفڕۆکەوانەکان بە بێ وەستان لەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێنەوەو ناوچە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج.

زەرگان (ئەبو راسان)

سوپای تورکی داگیرکەر بەچەکی قورس و هاوەن گوندەکانی ئینگەل هەواو تل وەرد-یان تۆپباران کرد، لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا زیانێکی زۆر بەر خانووی هاوڵاتییان کەوتووە.

تل تەمەر

سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قورس، گوندەکانی ریحانییە و تل شەعیر و فەیسەلییە و ئێریشا-یان کردە ئامانج کە لە ژێر کۆنتۆلی ئەنجومەنی سەربازی سوریانی-دان، ئەنجومەنی سەربازی سوریانی لە چوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی هێرشەکانیان داوەتەوەو دوو چەتەیان کوشتووە، لەهەمانکاتدا تۆپبارانی داگیرکەران زیانێکی زۆری گەیاندووەتە ماڵ و خانووی هاوڵاتییان.

عەین عیسا

هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانی لە ناوچەکە بەردەوامن، سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قورس و ئۆبوس و هاوەن گوندەکانی قزعەل و تبێناو سەوامەو سارونج و خەفیا-یان بە قورسی تۆپباران کردووە، لە ئەنجامی تۆپبارانەکاندا زیانێکی زۆری مادی بە ماڵ و موڵکی هاوڵاتییانی ناوچەکە کەوتووە.

لە هەمان کاتدا لەئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا لە چەند ناوچەیەکی جیاواز، دوو شەڕڤانمان کە بریندار ببون، شەهید بوون.

د.ع