قەسەدە: لە وەڵامدانەوەی هێزەکانمان ١٥ چەتە کوژران

قسەدە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدانەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی شەڕڤانان بە لانیکەمەوە ١٥ چەتە کوژراون.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، ئەنجامی شەڕ و بەرخۆدانەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، کە لە دەوروبەری سەرێکانی، گرێسپی و کۆبانێ ڕوویانداوە، بڵاوکردووەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە هێرشی سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر گوندەکانی؛ ئینگەل هەوا، تل وەرد، خربە دبس، باب فەرج، تل محەمەد و ئوم عشب کراوە و هاتووە: هێزەکانمان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە و لە چەندین ناوچە شەڕی درێژمەودا ڕوویدا، لە ئەنجامی ئەو شەڕانەدا بە لانیکەمەوە ١٥ چەتە کوژران و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێندران.

هەروەها هاتووە: سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ بەرفراوانکردنی داگیرکارییان و کۆنترۆڵی ڕێگای نێودەوڵەتی M4 هێرشیان کردە سەر گوندەکانی خربەت فارس، بۆغاز سێگر، شێرگراد و مەسعودیە، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێزەکانمان شەڕ ڕوویدا و ژمارەیەک چەتەی سوپای داگیرکەر کوژران، کە ژمارەیان ڕوون نەبووەتەوە.

لە کۆتاییش هاتووە: لەو بەرخۆدانانەدا هەشت هەڤاڵمان برینداربوون.

س.ح