قەسەدە کوژرانی ٣٨ چەتەی داعشی ڕاگەیاند

شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان لە کۆتا قۆناغی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە بۆ سڕینەوەی داعش لە ڕۆژهەڵاتی فورات و لە چوارچێوەی ئەو پێشرەوییانەدا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٣٨ چەتە کوژراون.


ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماری ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی پێشڕەوییەکانی شەڕڤانانی بڵاوکردەوە.

قەسەدە ڕایگەیاند: لە بەرەی باخۆز شەڕڤانان بەرەو بارەگاکانی چەتەکانی داعش پێشڕەوییان کرد، پاشان شەڕ ڕوویدا، لەو شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر چەتە کوژران، فڕۆکە جەنگییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتیش چەند بنکەیەکی چەتەکانیان لەو بەرەیەدا کردە ئامانج، تۆپخانەکانی هاوپەیمامانیش دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی چەتەکانیان تەقاندەوە، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی چەتەکان لەو شەڕانەدا نەزاندراوە.

لە بەردەوامیدا قەسەدە ڕایگەیاندووە: لە بەرەی حەجین لە نێوان شەڕڤانان و چەتەکاندا شەڕی قورس ڕوودەدات، شەڕڤانانمان لەو بەرەیەوە پێشڕەوییان کرد و شەش خاڵیان لەچنگی چەتەکان ڕزگارکرد، لەلایەکی دیکەوە چەتەکان هەوڵیان دا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرش بکەنە سەر شەڕڤانان، بەڵام شەڕڤانان ئەو فڕۆکەیەیان خستە خوارەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە: لە بەرەی سووسێ ماوەی سێ ڕۆژە شەڕ بەردەوامە، شەڕڤانان گوندی مۆزانی سەربە شارۆچکەی سوسێیان لە چەتەکان پاک کردەوە.

لە کۆتاییشدا ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە بەم شێوەیە ئاماری ئەو شەڕانەی بڵاوکردووەتەوە:

ژمارەی ئەو خاڵانەی ڕزگارکراون: ٦

ژمارەی چەتە کوژراوەکان: ٣٨

ژمارەی چەتە بەدیلگیراوەکان: ٣

ژمارەی هێرشەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان: ٨

س.ح