قەیرانی ئابووری تورکیا خانەوادەکان ناچاری خۆکوشتن دەکات

دوو خانەوادەی چوار کەسی لە ڕۆژانی ڕابردوو، بەهۆی نەبوونی و کێشەی ئابووری لە شارەکانی ئەنتالیا و ئیستەنبوڵ بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ دەستیان داوەتە خۆکوشتن.


لە کاتێکدا تورکیا پارەکانی لە شەڕی دژی کوردەکان و چەندین وڵاتی دیکە خەرج دەکات، خەڵکی خۆی لە دەوڵەمەندترین شارەکان بەهۆی نەبوونی و کێشەی ئابووری بە شێوەی بەکۆمەڵ کۆتایی بە ژیانیان دێنن.  

ئێوارەی دوێنێ تەرمی خانەوادەیەکی چوار کەسی خەڵکی ئەنتالیا، کە لە دایک، باوک و دوو منداڵی تەمەن دوو و حەوت ساڵ پێکدێن دۆزرانەوە کە بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنابوو.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی مەزۆپتامیا ئەو ڕووداوە کاتژمێر ٠٢:٠٠ی دوانیوەڕۆی دوێنێ ڕوویداوە، بەڵام پۆلیس کاتژمێر ٠٨:٠٠ی شەو ئاگاردار بووەتەوە.

دوای ئەوەی پۆلیس چووەتە ناو ماڵەکە، تەرمی باوک و دوو منداڵەکەی لە کاتێکدا دەستی یەکیان گرتبوو و گیانیان لەدەستدابوو دۆزیوەتەوە و تەرمی دایکی منداڵەکانیش لەناو حەمامی ماڵەکە کەوتبوو، پۆلیس هەروەها لە لێکۆڵینەوەکانی لە ماڵی ئەو خانەوادەیە نامەیەکی دۆزیوەتەوە کە لەلایەن باوکی خانەوادەکەوە نووسراوە.

باوکی ئەو ماڵە لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەداوەکە، نۆ مانگە بێکارە و هیچ پارەیان نەماوە و بە هۆی کێشەی ئابورییەوە بە ماددەی (سیانور) کە ماددەیەکی ژەهری کوشندەیە خۆیان کوشتووە.

هەفتەی ڕابردووش لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لە شاری ئیستەنبوڵ چوار برای بەتەمەن بە ماددەی سیانور، کۆتاییان بە ژیانی خۆیانهێناوە.

ئاژانسی مەزۆپۆتامیا لەو بارەیەوە نووسیویەتی: برایەکی ئەو چوار برایە دوای ئەوەی لە ڕووداوەکە ئاگادار بووەتەوە، بەهۆی نەبوونی نەیتوانیوە تەرمی براکانی وەرگرێتەوە و بیاننێژێت.

ئەم ڕووداوانە و ڕووداوەکانی هاوشێوەی کە لێکەوتەی قەیرانی ئابووری تورکیان، لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا دەوڵەتی تورک بە سەرکردایەتی ئەردۆغان، سامانی گشتی وڵاتەکەی خەرجی شەڕ و داگیرکارییەکانی لە وڵاتانی دیکە بە تایبەت لە شەڕی دژبە کوردەکان دەکات.

ک.س