لافاو ٥ هەزار و ٩٠٠ گوندی وێران کردووە

وەزیری ڕێگەوبانی ئێران ئاشکرای کرد، کە لافاو تا ئێستا پێنج هەزار و ٩٠٠ گوندی لە ٢٤ پارێزگای ئێران وێران کردووە، ڕاشیگەیاند، کە زیانەکانی پارێزگای خوزستان هێشتا ڕوون نەبووەتەوە. 


محەمەد ئیسلامی وەزیری ڕێگەوبانی ئێران، دوێنێ بە ئاژانسێکی ئێرانی ڕایگەیاند، کە جگە لە پارێزگای خوزستان کە دوای چوونەدەرەوەی ئاوەکە زیانەکانی دەردەکەوێت، دوایین ئامارەکان لە ٢٤ پارێزگا، ٢١٣ شار و ٢٠٩ شارۆچکەی ئێران دەریخستووە، کە لافاو و بارانی بەلێزمە، بووەتە هۆی وێرانبوونی پێنج هەزار و ٩٠٠ گوند. 

ئیسلامی ڕایگەیاندووە، کە لە ئێستادا لافاو لە هەندێک شوێنی پارێزگای خوزستان ماوە و بە گەیشتنی لێشاوێکی دیکەی باران بارین بۆ ڕۆژئاوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ڕێژەی ئاوی ڕووبارەکانی "دز و کەرخە" زیاتر دەکات و بەوە دوو شاری ئەهواز و ئابادان لەگەڵ گوندەکانی دەوروبەریان دەکەونە بەر مەترسیی لافاوی دووجارە. 

ئیسلامی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ١٠٥ هەزار خانوو لە گوندەکان و ٤٦ هەزار و ٤٨٨ خانووش لە شارەکان و بە گشتی ١٥١ هەزار و ٥٦٤ خانوو لە ئێران ڕووخاون یان زیانیان پێگەیشتووە. 

محەمەد ئیسلامی، وەزیری ڕێگەوبانی ئێران لە کۆتاییدا ئاماژەی بە زیانەکانی لافاو لەسەر پردەکان کردووە و وتوویەتی: لافاو زیانی گەیاندووە بە ١٠ هەزار و ٧١٩ پرد و ئاوەڕۆ لە هەموو ئێران، کە ٥٦٣ـیان بە تەواوەتی ڕووخاون. 

ئەمە لە کاتێکدایە کە جگە لە پارێزگای خوزستان، لە ئێستادا مەترسی لافاو لەسەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێران هەیە و هەندێک لە شارە کوردنشینەکانی باکوری خوراسان تووشی لافاو بوون. 

هەر دوێنی و لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی پارێزگای خوزستان لە باشوری ڕۆژئاوای ئێران، لە بەرامبەر کەمتەرخەمی کاربەدەستانی ئێرانی لە ئاستی بەهاناوەچوونی خەڵکەوە، خەڵکی ناوچەکە ڕژانە شەقامەکان و دژی دەوڵەت دروشمیان وتەوە. 


ک.ک