له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌کدا چوار هه‌زار هاوڵاتی ڕزگارکراون.. بە ڤیدیۆ

شه‌ڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قه‌سه‌ده‌ له‌ ماوه‌ی ٤٨ کاتژمێردا لانی که‌م دوو هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی دیکه‌یان له‌ ده‌ستی چه‌ته‌کانی داعش ڕزگار کردووه‌، بەوەش لە ماوەی هەفتەیەکدا دەگاتە چوار هەزار هاوڵاتی.


له‌ ناوچه‌ی هه‌جین-ی سه‌ر به‌ دێره‌زۆر چه‌ته‌کانی داعش هه‌زاران هاوڵاتیان وه‌ک قه‌ڵغان بۆ خۆیان به‌کارده‌هێنا، به‌ڵام قه‌سه‌ده‌ توانی ئه‌و هاوڵاتیانه‌ له‌ ده‌ستی چه‌ته‌کان ڕزگار بکات.

هاوڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ی نه‌که‌ونه‌ ده‌ستی چه‌ته‌کانی داعش به‌ شه‌و جموجۆڵ ده‌که‌ن و به‌سه‌ر زه‌وییه‌ مینڕێژکراوه‌کاندا ده‌رباز ده‌بن و خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ شه‌ڕڤانانی هێزه‌کانی سوریای دیموکراتی (قه‌سه‌ده‌).

هاوڵاتیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سنووری چه‌ته‌کان ڕزگاریان بێت، ١٥-٢٠ کم ده‌پێون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ڕێگه‌کانیان مین هه‌یه‌، چه‌ندین سیڤیل تا ئێستا کوژراون و بریندار بوون، برینداره‌کان ته‌داوی ده‌کرێن، هه‌روه‌ها پێداویستییه‌کانی وه‌ک ئاو و خۆراک بۆ ئه‌و سیڤیلانه‌ دابین ده‌کرێت، دواتریش ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌ ئارامه‌کان ده‌کرێن.

له‌ ڕۆژانی ڕابردوودا هه‌زاران که‌س له‌ ده‌ستی چه‌ته‌کانی داعش ڕزگاریان کراون ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووه‌م، نزیکه‌ی هه‌زار سیڤیل ڕزگار کران، هه‌روه‌ها پێشتر ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی قه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاندبوو که‌ ڕۆژی ١٧ی کانوونی دووه‌م ٣٠٠ سیڤیل ڕزگار کراون، به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا زیاتر له‌ ٤٠٠٠ سیڤیل له‌ ده‌ستی چه‌ته‌کانی داعش ڕزگار کراون.


ک.ک