لوبنان، هێرش کرایە سەر خۆپیشاندەران

گروپێک کە وەک لایەنگرانی حزبوڵا ناویانهێنراوە، لە بەیروتی پایتەخت هێرشیان کردە سەر چادری خۆپیشاندەرانی لوبنانی و لە پێکدادانەکاندا بە دەیان کەس برینداربوون.


شەوی ڕابردوو لە مەیدانی شەهیدانی ناوەندی بەیروتی پایتەختی لوبنان، کە نزیکە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە، لە ئەنجامی هێرشی "لایەنگرانی حزبوڵا بۆسەر خۆپیشاندەران ئاڵۆزی کەوتەوە".

بە گوێرەی هەواڵیکی فرانس پرێس، لە کاتێکدا خۆپیشاندەرانی لوبنانی هەوڵیان داوە خۆیان بگەیننە بەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی ڕێگری پۆلیس بوونەتەوە و لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزییەی لەوێ دەرکەوتووە، ٢٠ کەس لە هێزە ئەمنییەکان و ٧٠ خۆپیشاندەر برینداربوون.

بەپێی هەواڵەکە ئاڵۆزییەکە کاتێک بووە بە پێکدادان کە لایەنگرانی حزبوڵا هێرشیان کردووەتە سەر چادرەکانی خۆپیشاندەران لە مەیدانی شەهیدانی ناوەندی بەیروت.

هەواڵەکە باسی ئەوە دەکات، کە پێکدادانەکان تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بووە و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران و لایەنگرانی حزبوڵا برینداربوون.

ئەمە لەکاتێکدایە، کە بەپێی میدیاکانی لوبنان، سبەی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی لوبنان لەسەر دەستنیشانکردن و ناساندنی کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران، لەگەڵ میشل عەون سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە.

س.ح