لیبیا: تورکیا دووژمنە و ئەردۆغان زیانی گەورەی بەردەکەوێت

وتەبێژی سوپای نیشتیمانیی لیبیا، ڕایدەگەیەنێت، تورکیا دەوڵەتێکی دووژمنە و لەگەڵ گروپە توندڕەوەکاندا شەڕ دژی لیبیا دەکات، جەختیش دەکاتەوە"زیانی ئەردۆغان لە لیبیا زۆر گەورەیە".


ئێوارەی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئەحمەد مسماریی، وتەبێژی سوپای نیشتیمانیی لیبیا، تیشکی خستە سەر تێڕوانینی وڵاتەکەی لەبەرامبەر دەوڵەتی تورک.

مسماریی، ڕاگەیاند:"تورکیا دووژمنە، بەڵام مەبەستمان لە گەلی تورکیا نییە، چونکە ئەوانیش لەبەردەم زوڵم و ستەمی ئەردۆغان-ی سەرۆکی تورکیا دان".

هەر لە کۆنگرەکەدا، مسماریی چەندین بەڵگە و وێنەی خستەڕوو، کە بەشداربوونی چەکدارانی سوپای تورک لەتەنیشت گروپە چەتەکانەوە نیشان دەدات، کە دژی سوپای لیبیا شەڕ دەکەن، وتیشی: ئەنقەرە ڕاستەوخۆ و بەفەرمیی لەڕێگای سوپاکەیەوە بەشداریی ئەو شەڕە دەکات.

ئەحمەد مسماریی، جەختیشیکردەوە، "ڕزگارکردنی تەرابلوسی پایتەخت نزیکە، زیانی ئەردۆغان-یش لە لیبیا زۆر گەورەیە".

وتەبێژی سوپای نیشتیمانیی لیبیا، وتیشی: گورزی زۆرمان لە شوێنی گروپە توندڕەوەکان داوە لە ترابلوس و غەریان، شەڕمان لەدژی تیرۆر و بۆ ڕزگارکردنی خاکی لیبیا لەو گروپانە بەردەوامە.

لەلایەکی ترەوە پەرلەمانی لیبیا سێ ڕۆژ ماتەمینیی بۆ ئەو سەربازانەی لیبیا ڕاگەیاند، کە لە شەڕی گەریان لەلایەن گروپە توندڕەوەکانەوە و بە پشتیوانیی تورکیا و قەتەر کوژراون.

ش.ف