لەساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی کۆنسوڵخانەی ئێران درا

خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامیی هەیە، لە ساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئێران لەلایەن لایەنگرانی خومەینی، هەوڵی دەستبەسەر داگرتنی کۆنسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا درا.


شەوی ڕابردوو خۆپیشاندەرانی عێراق لە شاری کەربەلا، هەوڵیاندا کۆنسوڵخانەی ئێران کۆنترۆڵ بکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ٤٠ ساڵ بەسەر داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تارانی پایتەخت تێدەپەڕێت.

١١ ڕۆژە لێشاوی دووەمی خۆپیشاندانەکانی عێراق لە زۆربەی شارە شیعەنیشینەکانی ناوەند و باشوری عێراق دەستیپێکردووە، هەرچەند خۆپیشاندانەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بێکاری، گەندەڵی و دۆخی ئابوری دەستیپێکرد، بەڵام ئاراستەی خۆپێشاندانەکان وەرچەرخا و خۆپێشاندەران داوای دەستلەکار کێشانەوەی حکومەتیان کرد، لە پاڵ ئەم خواستە خۆپیشاندەران داوای بڕینەوەی دەستی وڵاتانی بیانی و بە دیاریکراوی، ئێران، تورکیا، ئەمریکا و سعودیە  کرد بۆ دەستێوەردانی لە کاروباری سیاسی وڵاتەکەیان، هەروەها داوای دەکردنی سوپای تورک و ئەمریکاش بووە، بەشێک لە داواکاریی خۆپێشاندەران.

بەڵام قسەکانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، لەسەر خۆپیشاندانەکانی عێراق و لوبنان و ناوزەدکردنی خۆپیشاندەران بە گێرەشێوێن و بەکرێگیراوی بیانی، هەروەها تاوانبارکردنی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاندانی خۆپیشاندەران دژی ئێران، ئەمجارە خۆپیشاندەران جێگەیەکی زۆرتریان دایە دژایەتیکردنی دەستێوەردانەکانی ئێران لە کاروباری وڵاتەکەیان و دروشمەکان دژی ئێران گۆڕدرا بە دروشم دژی خامنەیی و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران کە تۆمەتباریان دەکەن بە پشتیوانی و ئاراستەکردنی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دژی خۆپیشاندەرانی شیعە.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە شاری کەربەلا کە یەکێک لە شارە پیرۆزەکانی شیعەکانە، ١٨ خۆپیشاندەر کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون، هەرچەندە هێزەکان عێراقین و لەژێر کۆنترۆڵی عێراقدان کە ئەو خۆپیشاندەرانەیان کوشت، بەڵام هەندێک لە چالاکوانانی عێراق کوشتنی خۆپیشاندەرەکانیان خستە ئەستۆی "ئەو هێزە چەکدارانەی سەر بە ئێرانن"، شەوی ڕابردووش دیسان خۆپیشاندەران لە کەربەلا هاتنە سەر شەقام و ئەمجارە ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان ڕاستەوخۆ ڕووی لە ئێران کرد و کۆنسوڵخانەی ئێران لەو شارە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە گەمارۆدرا، بەردباران کرا و لە دەرەوە ئاگری تێبەردرا، تەنانەت خۆپیشاندەران توانییان لە دیواری باڵیۆزخانەکە سەرکەون و ئاڵای ئێران بێننە خوارەوە و ئاڵای عێراقی لەسەر هەڵواسن.

بەڵام هێزەکانی بەرگریکار لە کۆنسوڵخانەکە بە تەقەی ڕاستەوخۆ ڕێگەیان بە خۆپیشاندەران نەدا بچنە ناو کۆنسوڵخانەکەوە و دەستی بەسەردا بگرن.

بەپێی ڕاگەیاندنەکانی عێراق شەوی ڕابردوو تا بەیانی ئەمڕۆ، پێنج کەس لە خۆپیشاندەران لە ئاڵۆزییەکانی کەربەلادا کوژراون و دەیان کەسیش بریندارن.

بەڵام سەرنجڕاکێشە کە هەوڵ بۆ دەستبەسەر داگرتنی کۆنسوڵخانەی ئێران لە کەربەلا لە کاتێکدا دەدرێت، کە ئەمڕۆ ساڵڕۆژی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکایە لە تارانی پایتەختی ئێران.

٤٠ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا، لایەنگرانی ڕوحوڵا خومەینی ڕێبەری پێشووی ئێران کە بە "خوێندکارانی شوێنکەوتوی هێڵی ئیمام" خۆیان دەناساند، باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە تاران داگیرکرد و ٦٦ دیپلۆماتی ئەمریکی‌یان بە بارمتە گرت.

ئەو دیپلۆماتانەی بە بارمتە گیرابوون ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ لە ئێران زیندانی بوون و ئەو ڕووداوە بووە یەکێک لە گەورەترین قەیرانە نێودەوڵەتییەکانی ئەو کاتەی جیهان، دەوڵەتی ئەمریکا تەنانەت هەوڵیدا بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نهێنی ئەو دیپلۆماتانە ڕزگار بکات، بەڵام بەهۆی توفانێکی بەهێز کە لە بیابانەکانی ناوەڕاستی ئێران ڕوویدا، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرنەکەوت، تا دوایی و لە ٢٠ی مانگی ١ی ساڵی ١٩٨١ـدا و بە قبوڵکردنی "بڕیارنامەی ئەلجەزایر" لەلایەن هەردوو وڵاتەوە ئەو کێشەیە کۆتاییهات، بەڵام لێکەوتەکانی بۆ ئێران تا ئێستاش بەدیدەکرێت، ئەو کارە دژە دیپلۆماتییە بووە هۆی ئەوەی دەوڵەتی ئەمریکا هەندێک گەمارۆ بخاتە سەر ئێران و پەیوەندی دیپلۆماتییەکانی لەگەڵ ئێران ببڕێتەوە.

س.ح