لەسەر بۆردوومانەکەی شەنگال نووسراوێک ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکرێت

یوسرا ڕەجەب، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی شەنگال لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە نووسراوێک ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکات، تاکو لەڕێگای وەزارەتی دەرەوەوە هۆشداریی بداتە تورکیا.


بۆردوومانەکەی ئەمڕۆی شەنگال لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە ناڕەزایی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق-ی بەدوای خۆیدا هێنا.

یوسرا ڕەجەب، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئیدانەی بۆردوومانەکەی دەوڵەتی تورکی کرد و بە ڕۆژنیوزی وت: دەبێت لەپای ئەو پێشێلکارییانەی کە ئەنجامیدەدات، سنوورێک بۆ دەوڵەتی تورکیا دیاریبکرێت، چونکە ئەمە تەنها پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و قڕکردنی گەلی کورد نییە، بەڵکو شکاندنی سەرەوەریی خاکی عێراقیشە.

یوسرا ڕەجەب وتیشی:"ناکرێت ئێمە غیرەتمان هەبێت لەسەر بەشێکی خاکی عێراق و بەشێکی دیکەی پشتگوێ بخەین، دەبێت بڕیاری دەکردنی هێزە بیانییەکان هەموو هێزەکان بگرێتەوە بە هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاشەوە، چونکە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٣٥ هاوڵاتی مەدەنیی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بوونەتە قوربانیی".

ئەو ئەندامەی لیژنەی مافی مرۆڤ ڕاشیگەیاند، کە "هەر ئەمڕۆ نووسراوێک ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەم و تێیدا داوا دەکەم، کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕابسپێردرێت تا ئاگاداریی و هۆشداریی بداتە دەوڵەتی تورکیا لەپای ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە ئەمڕۆ کردییە سەر شەنگال و سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی دابنرێت".

شەوی ڕابردووش دەوڵەتی تورک بۆردوومانی گوندەکانی شارۆچکەی ئامێدی-یان کرد.

بۆردوومانەکەی دەوڵەتی تورک لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێکە فڕۆکەی نەناسراو بەنزمیی بەسەر ئاسمانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-دا دەسووڕێنەوە لە سنووری شارۆچکەی مەخمور، تاوەکو ئێستاش لایەنە ئەمنییەکانی عێراق هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر ناسنامە و هۆکاری سووڕانەوەی ئەو فڕۆکانە بڵاوکردووەتەوە.

 

 

ش.ف