لەسەر داوای بارزانی، بافڵ تاڵەبانی دەچێتە هەولێر

كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی كۆتاییهات، بە زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی پرۆگرامی حزبەکە په‌سه‌ند كرا، ئەندامێکی سەرکردایەتی'ش دەڵێت، لەسەر داوای بارزانی، بافڵ تاڵەبانی سەردانی هەولێر دەکات، وتیشی: دەمانەوێت بەشێک بین لە حکومەتی نوێی عێراق.


ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی- ی ن ک، لە شاری سلێمانی کۆتاییهات و مسته‌فا چاوڕه‌ش ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی دەربارەی ئەنجامەکەی بۆ میدیاکانی حزبەکەی قسەیکرد.

مستەفا چاوڕەش ڕایگەیاند:"له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا پرۆگرامی یه‌كێتی به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ند كرا و هاوكاتیش ڕاپۆرته‌كه‌ی كاك كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ بۆ كۆنگره‌ قسه‌ی له‌سه‌ر كرا و په‌سه‌ند كرا، ده‌مانه‌وێت به‌شێك بین له‌ حكومه‌تی عیراق و دژایه‌تی ناكه‌ین و نامانه‌وێت حزبی كارتۆنی به‌ ناوی كورده‌وه‌ له‌ به‌غدا قسه‌ بكات".

مسته‌فا چاوڕه‌ش وتیشی: مه‌سعود بارزانی پێشتر پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتی كردووه‌ و داواشی كردووه‌ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌ردانی هه‌ولێر بكات بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ كه‌ سبه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌چێت.