لەسەر چالاکییەکانی دوێنی چەندین کەس لە ڕۆژهەڵات دەستگیرکران

لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران و گربوونەوەی ناڕەزایی ماموستایان، چەندین کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون.


دوێنی ماموستایانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆربەی شارەکان هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕی، هەروەها لە چوارچێوەی بانگەوازی ژووری دەسپێشخەری گەل و لە هەڵمەتی "ئیدی بەسە" خەڵک هاتنە شەقامەکان و ڕووبەڕوو ڕێگری هێزە ئەمنییەکان بوونەوە، بەپێ ئەو هەواڵانەی بە ڕۆژنیوز گەیشتووە، دوێنی چەندین کەس لە ماموستایان و چالاکانی مەدەنی دەستگیرکراون.

بەپێی زانیارییەکان، دوێنێ موختار ئەسەدی مامۆستا و ئەندامی مەکۆی سنفی مامۆستایانی پارێزگای سنە، لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە لایەن چوار کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ەستگیرکراوە.

هەر دوێنێ لە شاری ورمێ لە گردبوونەەی ناڕەزایی مامۆستایانی شاری ورمێ، کە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بەڕێوەچوو، بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ئاڵۆزی کەوتەوە و چەندین کەس دەستبەسەر کران کە تا ئێستاش دەربارەی چارەنووسیان زانیاریی لە بەردەستدا نییە.

هەروەها بەپێ ڕاپۆرتێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، دوێنێ لە شاری سونقوڕ لە پارێزگای کرماشان، سێ هاوڵاتی بە ناوەکانی کیومەرس واعزی، جەبار حاجی مورادی و هادی باقری لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراون و تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارت بە هۆکاری دەستگیر کردنەکانیان نازانرێت.

س.ح