لەعێراق ٣٠ کەسی دیکە توشی کۆرۆنا بوون

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ڕایگه‌یاند، ٣٠ کەسی دیکە لە عێراق توشی کۆرۆنا بوون، داواش لە هاوڵاتیان دەکات، کە هەر نیشانەیەکیان تێدا دەرکەوت فەرامۆشی نەکەن و بەخێرایی سەردانی نەخۆشخانە بکەن.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ڕایگه‌یاند، ٣٠حاڵه‌تی نوێ توشبوون به‌ په‌تای كۆڤید-19 له‌ عێراق تۆماركراوه‌.

جه‌عفه‌ر سادق، وه‌زیری ته‌ندروستی و ژینگه‌ی عێراق له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا داوای له‌ سه‌رجه‌م هاوڵاتیان كرد ئه‌گه‌ر هه‌ر نیشانه‌یه‌كی ئه‌نفلۆنزایان تێدابێت، ده‌ستبه‌جێ سه‌ردانی نزیكترین بنكه‌ی ته‌ندروستی بكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی پشكنینی پێویست.

دەشڵێت: زۆرینه‌ی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی له‌ عێراق توشی په‌تاكه‌ هاتوون، سه‌ره‌تا نیشانه‌كانیان فه‌رامۆشكردوه‌ و دوای ئه‌وه‌ی دۆخی ته‌ندروستیان به‌ره‌و خراپی ڕۆشتووه‌، دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان.

شایەنی باسە تا ئێستا له‌ سه‌رتاسه‌ری عێراق 346 حاڵه‌تی توشبوون به‌ په‌تای كۆڤید-19 هه‌یه‌ و ٢٩ توشبوو گیانیانله‌ده‌ستداوه‌، هاوكات ١٠٣ توشبوو په‌تاكه‌یان په‌ڕاندووه‌ و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌كانی خۆیان.

د.ع