لەناو پەرلەمانی عێراق شەڕ ڕوویدا

لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تەواوکردنى کابینەى حکومەتی عادل عەبدولمەهدى شەڕ لەناو بینای پەرلەمان ڕوویدا.


ئەمشەو لەناو بینای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەڕ لەنێوان پەرلەمانتارانی سائیرون و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕوویدا ئەوەش بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتاران.

شەڕەکە بە شێوەیەک بووە، کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تەواوبونی ڕێژەی یاسایی پەرلەمانتارانیان ڕاگەیاند، بەڵام پەرلەمانتارانی سائیرون چونەتە ژوورەوە و بۆیان دەرکەوتووە ڕێژەی یاسایی تەواو نیە، بۆیە پەلاماری دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان داوە و پشێوی لەنێو پەرلەماندا دروستبووە.

هەروەها بەهۆی ئەوەی ناوی کاندیدەکانی یەکێتی و سائیرون بۆ وەرگرتنی پۆستەکانی وەزارەتی داد و وەزارەتی ناوخۆ لەناو لیستی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکاندا نەبووە، پەرلەمانتارانی ئەو دوو حزبە بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقیان کردووە.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ١٦٨ پەرلەمانتار دانیشتنى پەرلەمانى عێراق بۆ تەواوکردنى کابینەى حکومەتەکەى عادل عەبدولمەهدى  و متمانەدان  بە هەشت کاندید بۆ وەزارەتە بەتاڵەکان دەستیپێکرد، بەڵام فراکسیۆنەکانی نەوەی نوێ و یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوو و ھاوپەیمانی ئیسڵاح و ڕەوتی حیکمە و نەسر بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد.

بەهۆی تەواونەبوونی ڕێژەی یاساییشەوە دانیشتنەکە دواخرا بۆ ڕۆژی پێنج شەممە.

 

ک.ک