لەهەولێر مێردمنداڵێك لەلایەن دوو هاوڕێیەوە دەكوژرێت

لەشاری هەولێر مێرد منداڵێكی تەمەن (10) ساڵ لەلایەن دوو هاوڕێیەوە كوژرا، دوای دەستگیركردنیان تۆمەتبارەكان دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا.


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە :"دوێنی ڕێكەوتی (۲۰/۸/۲۰۱۹)، لەجووت سایدی لاوان لە شاری هەولێر تەرمی مێرد منداڵێك دۆزرایەوە دوای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس دەركەوت كاتژمێر (۱۱)ی نیوەڕۆ ئەو مێردمنداڵە بەناوی (احمد غدیر جمال)، تەمەن (۱۰) ساڵ لەلایەن دوو هاوڕێی بەناوی (هـ.ا.ر.)، تەمەن (۱٤) ساڵ، (ر.س.م)، تەمەن (۱٦) ساڵ كوژراوە."

پۆلیسی هەولێر ئاشكرای كردووە دوای دەستگیركردنی هەردوو تۆمەتبار دانیانناوە بە تاوانەكەیان، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر كران، ئێستا هەردوو تۆمەتبار بەندكراون بەپێی ماددە (٤۰٦) لە یاسای سزادانی عێرقی.

د.ح