لەوشوێنەی داعش کۆمەڵکوژیی کرد عێراق کامپیان بۆ دەکاتەوە 

لەوشوێنەی چەتەکانی داعش پێشتر کۆمەڵکوژییان لێکرد حکومەتی عێراق کامپی بۆ کردونەتەوە، لەو چوارچێوەیەدا، بەغدا ئامادەکاریی بۆ وەرگرتنەوەی ١٢ هەزار ژن و منداڵی داعش دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش لە شارۆچکەی زوممار کامپێکی دروستکردووە، بەڵام کارەکە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکە بووەتەوە لە ئێستادا ڕاگیراوە.


لەدوای ئازادکردنی شارۆچکەی باغۆز وەک کۆتا خاڵی چەتەکانی داعش، هێزەکانی سوریای دیموکرات خانەوادەی چەتەکانیان لە کامپی هۆل لە کانتۆنی حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێکرد، کە ژمارەیان ٧٣ هەزار کەسە.

لەو ٧٣ هەزار کەسە، ٣٤ هەزاریان خاوەنی ناسنامەی عێراقین، بەشێکی زۆریان لەژێر هەڕەشە و ناچاری چەتەکانی داعشدا گەیشتوونەتە سوریا.

حکومەتی عێراق دوای ئازادکردنی باغۆز، لیژنەیەکی لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان پێکهێناوە، تا ڕێکارەکانی وەرگرتنەوەی ئەو ٣٤ هەزار ژن و منداڵە جێبەجێ بکەن.

لیژنەکە لەگەڵ ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستاندا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە، بۆ نیشتەجێکردنیشیان لە عێراق بڕیاریانداوە کامپێکیان بۆ دروست بکەن، هەریەکە لە پارێزگاکانی ئەنبار، دیالە و سەڵاحەدین-یش ڕەتیانکردووەتەوە کامپەکە لەسنووری ئەو پارێزگایانە دروستبکرێت.

بەوهۆیەشەوە ئێستا کامپەکە لە گوندی عەمالەی سنووری شارۆچکەی زومار لە پارێزگای موسڵ دروستکراوە، کە پێشتر چەتەکانی داعش کۆمەڵکوژییان لێ ئەنجامدابوو، کامپەکەش توانای لەخۆگرتنی ٤ هەزار خێزانی هەیە، بەوتەی بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێیش، کامپەکە ئێستا ئامادەیە، بەڵام هۆزەکانی ناوچەکە و خەڵکیش ڕەتیانکردووەتەوە ڕێگا بدەن خێزانەکانی داعش لەو کامپە نیشتەجێ بکرێن.

خودێداد چوکێ، بەڕێوەبەری شارەدێی سنونێ-ی پارێزگای موسڵ بۆ ڕۆژنیوز ئەوەشی وت، کە خەڵکی ئێزدیی و ئیدارەی سنوونێ و هۆزەکانی ناوچەکە بەتەواویی ڕەتیدەکەنەوە خێزانەکانی داعش بهێندرێنە ئەو کامپە.

سەرباری ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکەش، بەڵام بەوتەی خودێداد چوکێ، تاوەکو ئیستا ئیدارەی پارێزگای موسڵ بەفەرمیی هەڵوێستی نەبووە و هێنانی خێزانەکانی داعشی بۆ ئەو کامپە ڕەتنەکردووەتەوە.

ئێستا کارەکانی ئەو لیژنەیەی سەرپەرشتیی گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکانی داعش دەکات تا کاتێکی نادیار ڕاگیراوە، ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت، ڕاگرتنی کارەکانی ئەو لیژنەیە تا دۆزینەوەی شوێنێکی گونجاوە بۆ نیشتەجێکردنی ئەو خێزانانە.

هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: کارەکانی لیژنەکە لە ئێستادا ڕاگیراوە بۆ گەڕاندنەوەی خێزانەکانی داعش، تا ئەوکاتەی شوێنێکی گونجاو دەدۆزرێتەوە تا خێزانی چەتەکانی لێ نیشتەجێ بکرێت.

بەپێی بڕیاری حکومەتی عێراق، گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەکانی داعش بەپێی یاسا دەبێت، لێکۆڵینەوەشیان لەگەڵدا دەکرێت و بەگوێرەی تاوانەکانیان سزای یاساییان بەسەردا دەسەپێندرێت.

شارەدێی زوممار سەربە شارۆچکەی تەلەعفەری پارێزگای موسڵە، لە باکوری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ شارۆچکەی زاخۆ لە باشورەوە لەگەڵ تەلەعفەر و لە باشوری ڕۆژهەڵات لەگەڵ شەنگال هاوسنوورە.

دانیشتووانەکەی لە کورد و عەرەب پێکدێن، ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە داگیرکرا و دواتر لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە ئازادکرا.

دوای ئازادکردنیشی گۆڕێکی بەکۆمەڵی تێدا دۆزرایەوە، کە تەرمی زیاتر لە سی کەسی ئێزدیی تێدابوو و لەلایەن چەتەکانی داعشەوە زیندەبەچاڵ کرابوون، ئێستا ترس لای ئێزدییەکان دروستبووە لە هێنانی ئەو خێزانانە بۆ ناوچەکەیان، چونکە وەک بەڕێوەبەری شارەدێی سنونێ-یش دەڵێت:"زۆرینەی ئەو ژن و منداڵانە هێشتا هزری داعشیان ماوە و ئەگەر لەم سنوورە نیشتەجێ بکرێن، دەبنە مەترسیی بۆ ناوچەکە".

ک.س