لە ئۆپەراسیۆنێکی شەڕڤاناندا٢٠ چەتە دەستگیرکران

لە ئۆپەراسیۆنێکی شەڕڤانانی قەسەدە لە گوندی ئەبوحەمام-ی سەربە دێرەزۆر شانەیەکی نۆستووی داعش دەستگیرکران و دەستبەسەر ژمارەیەک چەکدا گیرا.


دوێنێ هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ماڵپەڕی فەرمی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەی بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی شەڕڤانانیان دژی شانە نۆستووەکانی چەتەکانی داعش لە دێرەزۆر کرد.

لە ڕاگەیەندراوەکەی قەسەدە-دا ئاماژە بەوە کراوە کە بەرەبەیانی دوێنێ بە بەشداری زیاتر لە ٦٠٠ شەڕڤانیان ئۆپەراسیۆنێکیان لە گوندی ئەبوحەمام-ی سەربە دێرەزۆر دەستپێکردووە، "لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا ٢٠ چەتەی داعش دەستگیرکراون و دەستگیراوە بەسەر هەشت گولـلەی ئاڕ پی ‌جی، حەوت هەزار و ٥٠٠ گولـلەی کلاشنیکۆف، نارنجۆک و بێتەل و مۆبایلێکدا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا چەتەیەک دەستیکردووە بە دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا شەڕ دروستبووەو ئەو چەتەیە کوژراوە.

لە کۆتایی ڕاگەیندراوەکەی قەسەدە هاتووە: ئەو شانەیە بەرپرسیار بووە لە ئەنجامی هێرشێک بۆسەر بازاڕێکی هەرێمی لە گوندەکە کە ٧ی ئەم مانگە ئەنجام دراوە و حەوت منداڵ تێدا بوونە قوربانی.

س.ح