لە تکریت دوو تەقینەوە ڕوویاندا

لە شاری تکریت-ی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین دوو تەقینەوە ڕوویاندا و لە ئەنجامدا کەسیک کوژرا و چواری دیکە برینداربوون.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە دوو بۆمب لە تکریت-ی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین تەقیونەتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، تەقینەوەی یەکەم لە شەقامی ٤٠ مەتریی بووە و بۆمبێک لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کرۆلا بەستراوە و تەقیوەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە.

بۆمبی دووەم لە نزیک بەنزینخانەی تکریت تەقیوەتەوە و بووەتەهۆی کوژرانی کەسێک و برینداربوونی چواری دیکە.

ش.ف