لە تەقینەوەیەکدا ٦٦ کەس گیانیان لەدەستدا

لە وڵاتی مەکسیک بەهۆی تەقینەوەی بۆرییەکی نەوتەوە، ٦٦ کەس گیانیان لەدەستدا و ٧٦ کەسیش بریندار بوون.


دوێنێ لە شارۆچکەی تلاهولیلپان لە ویلایەتی هیدالگۆ لە وڵاتی مەکسیک بۆرییەکی گواستنەوەی نەوت تەقییەوە و ئەمڕۆش ئاماری ڕووداوەکە بڵاوکرایەوە، کە ١٤٢ کەس بوونەتە قوربانی.

میدیا جیهانییەکان باسیان لەوە کردوە، چەند کەسێک بۆرییەکی گواستنەوەی نەوتیان کون کردوە بۆ دزینی نەوت، دوای کونکردنی بۆریەکە نەوتێکی زۆر هاتوەتە دەرەوە و خەڵکی ناوچەکەش بە دەبە و بەرمیل ڕوویان لە شوێنەکە کردوە بۆ دەستکەوتنی نەوت.

کاتێک خەڵکێکی زۆر کۆبوونەتەوە بۆرییەکە ئاگری گرتووە و تەقیوەتەوە، بەوهۆیەوە ٦٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٦ کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاوڵاتیانی ناوچەکە باسیان لەوە کردوە، کە بەهۆی کەمی نەوت و گرانی نرخەکەیەوە، ویستویانە نەوتیان دەست بکەوێت و ڕوویان لەو بۆریە تەقیوە کردوە، چونکە حکومەت بە پێی پێویست نەوتیان پێنادات.

کونکردنی بۆری نەوت و دزینی، یەکێکە لە کێشەکانی وڵاتی مەکسیک و ساڵانە زیانێکی زۆری ئابووری لەو وڵاتە دەدات.


ک.ک