"لە خۆپیشاندانەکاندا ٢٥٠ کەس کوژراون و ١١ هەزار کەسیش برینداربوون"

لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە یەکێک لە داوا سەرەکییەکانی عێراقییەکان کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەکە بووە لە وڵاتەکەیان بەتایبەت ئێران، بەپێی دوایین ئاماریش لەماوەی هەشت ڕۆژی رابردوودا لە خۆپیشاندانەکاندا ٢٥٠ کەس کوژراون و ١١ هەزار کەسیش برینداربوون.


خۆپیشاندانەکانی بەغدا و بەشێک لە شارەکانی دیکەی عێراق بۆ نۆیەم ڕۆژ بەردەوامە، هەرچەندە کاربەدەستانی ئێران نایشارنەوە کە پشتیوانی گروپە شیعەکانی عێراق و بە تایبەتی حەشدی شەعبی دەکەن، بەڵام خۆپیشاندەرانی عێراقی و کارناسانی بواری سیاسی ئەو دەستوەردانە بە گەورەتر دەزانن، تا ئەو ڕادەیەی ئێران تۆمەتبار دەکرێت بە سەپاندنی خواستەکانی خۆی بەسەر حکومەتی عێراقەوە.

ئاژانسی ڕویتەرز بڵاویکردەوە، ئێران بۆ پێشگرتن لە کەوتنی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕێگەی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر و هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح و سکرتێری ڕێکخراوی بەدر، دەستی بە هەوڵدان کردووە.

لە بەردەوامی هەواڵەکەی ڕویتەرز هاتووە: ڕۆژی چوارشەمەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، هادی عامری و موقتەدا سەدر دانیشتنێک لە بەغدا بەڕێوەچووە و سولەیمانی داوای لەو دوو کەسە کردووە کە پشتگیری عەبدولمەهدی بکەن تا دەست لەکار نەکێشێتەوە.

ڕویتەرز هەروەها نووسیویەتی: هەرچەند سەرچاوەیەکی ئەمنی ئێرانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دانیشتنەکەی دوێنێی پشتڕاستکردووەتەوە و وتوویەتی سولەیمانی تەنیا بۆ ڕاوێژکاری چووەتە بەغدا، بەڵام هەریەکە لە هادی عامری و موقتەدا سەدر ئامادە نەبوون لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەن.

ڕویتەرز پێش چەند ڕۆژێک ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێدا ئاماژەی بەوەدابوو کە چەکدارەکانی سەربە ئێران بە فەرمانی قاسم سولەیمانی، بە قەناس لە باڵاخانەکانی بەغداوە خۆپیشاندەران دەکەنە ئامانج.

دوا بەدوای ئەم هەواڵە، دەنگوی ئەوە بڵاوبووەوە کە، "عادل عەبدولمەهدی لەلایەن قاسم سولەیمانی‌یەوە ڕاگیراوە بۆ ئەوەی ڕێگەی پێنەدرێت دەست لەکار بکێشێتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، سوفیان ئەلسامرایی، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری سایتی "بەغداد پۆست" لەسەر تویتەرەکەی خۆی نوسیبووی: سەیرتان پێنەیەت ئەگەر 'سولەیمانی' لە تویتەرەکەی عەبدولمەهدی‌یەوە دەستی بە تویتکردن کرد، چونکە دەوترێت عەبدولمەهدی لە ژوورێکی تایبەت دەستبەسەر کراوە و سولەیمانی بە فەرمی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقی گرتووەتە دەست".

هەروەها هاتووە: دوای ئەوەی ئەمریکا لە ڕێگای یەکێک لە خزمەکانی عەبدولمەهدی‌یەوە لە دۆخەکە ئاگادار کرایەوە، لە ڕێگەی هێزە تایبەتەکانیانەوە عەبدولمەهدی‌یان لە و دەستبەسەر کردنە دەرهێناوە و بردوویانە بۆ ژوورێکی پارێزراو لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق.

لە ڕۆژانی ڕابردوو عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، لە وتارێکی خۆیدا، خۆپیشاندەرانی عێراقی بە بەکرێگیراوی بێگانەکان ناوزەد کرد و ئەمریکا و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە خۆپیشاندەران بۆ دژایەتی کردنی ئێران هاندەدەن.

دوای ئەم قسانەی خامنەیی و کوژرانی ١٨ خۆپیشاندەر لە کەربەلا، ڕووی زۆربەی دروشمەکان بەرەوە ئێران و بە تایبەتی عەلی خامنەیی و قاسم سولەیمانی کرا.

هەر دوێنێ لە خۆپیشاندانەکانی بەغدا چەندین پانکارت و لافیتە کە وێنەی "خامنەیی و سولەیمانی"ی لەسەر بوو، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە درایە بەر پێڵاو و دژی دەستێوەردانەکانی ئێران و کوژرانی عێراقیەکان بەدەست هێزەکانی سوپای قودس دروشمیان دەوتەوە.

بەپێی دوایین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراقیش لەماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا ٢٥٠ کەس کوژراون و ١١ هەزار کەسیش برینداربوون.

ک.س