لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵات چەند کەسێک کوژراون و بارەگای دەوڵەتیش سوتێنراوە

خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و لە وەڵامی خۆپیشاندەران لەبەرامبەر هێرشی هێزە ئەمنییەکان، چەندین بارەگای دەوڵەت و ئۆتۆمبێلی سەربازی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندراون.


لە شەوی ڕابردووەوە خۆپیشاندانەکان دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین و سیاسەتە ئابورییەکانی دەوڵەتی ئێران دەستیپێکردووە و گەیشتووەتە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیش هێرش دەکەنە سەر خۆپیشاندەران.

بەپێی ئەودیمەنانەی بەدەست گەیشتوون، لە وەڵامی هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی ‌ئێران، تا ئێستا چەندین بانک، بنکەی پۆلیس و بارەگای دەوڵەت لە چەندین شوێنی ئێران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندراون.

هەروەها پاسێکی گەورەی هێزەکانی پۆلیس لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕاگیراوە و سووتێندراوە.

بەپێی بڵاوەکراوەکانی تۆڕە کۆمەلایەتییەکانیش، هێزەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە چەندین شار لەوانە، ئسفەهان، شیراز، تاران و چەند شارێکی دیکە تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات کۆڵبەرنیوز، لە هەواڵێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە خۆپیشاندانەکانی خەڵکی مەریوان، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و تا ئێستا دوو کەس کوژراون و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون کە منداڵێکیش لەناو قوربانیەکان دایە.

 

ب.ش.