لە خۆپیشاندانەکانی نەجەف دا چوار کەس کوژران و ١٧ کەسیش برینداربوون

لە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردووی شاری نەجەف-دا بە هۆی دروست بوونی ئاڵۆزی چوار کەس کوژران و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون.


ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو موقتەدا سەدر، ڕێبەری رەوتی سەدر، فەرمانی کرد لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەندامانی ڕەوتەکەی کە لە پرۆژە بازرگانییەکانی حکومەت کاردەکەن و ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو کە "چیدیکە بەرگەی شێواندنی ناوبانگی باوکم لەلایەن ئێوە و لادانتان لە ڕێبازەکەی ناگرم" دواشی لە لایەنگرانی کرد "دژی گەندەڵکاران" بوەستنەوە.

دوای ئەو داوایە شەوی ڕابردوو، ژمارەیەک هاوڵاتی لە شاری نەجەف خۆپیشاندانیان کرد، بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، لەسەرەتادا خۆپیشاندەران لەبەردەم ماڵی عادل زرکانی،  جێگری پارێزگاری نەجەف کۆبونەتەوە و و داوای لێپرسینەوە و بەسزاگەیاندنی بەرپرسانی گەندەڵیان کردووە، دواتریش هێرشیانکردووەتە سەر مۆڵێکی بازرگانی کە بە مۆڵی (بەشیر) ناسراوە لە ناو شاری نەجەف و سوتاندوویانە.

پاشان شەڕ و پێکدادان لەنێوان خەڵکە ناڕازییەکە و پاسەوانانی مۆڵەکە ڕوویداوە و لە ئاکامدا چوار کەس کوژران و ١٧ کەسی دیکەش برینداربوون دواتر بریندارەکان گەیەنراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی حەکیم لە شاری نەجەف.

لای خۆیەوە شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لە عێراق ڕایگەیاند "هێزە ئەمنییەکان توانیویانە پێنج کەس لە تەقەکەرەکان دەستگیربکەن کە سەرجەمیان پاسەوانی مۆڵەکەن".

لەلایەکی دیکەوە شەوی ڕابردوو بەشێک لەلایەنگرانی ڕەوتی سەدر، لە پارێزگاکانی واست و بابل و کەربەلا لە باشووری عێراق خۆپیشاندانیان کرد.

ک.س