لە شاری نەجەف هێزە ئەمنییەکان کرانە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوە

دوای ئەوەی بۆ دووەمجار کۆنسوڵگەری ئێران لە شاری نەجەف سووتێندرا، داوا لە هەموو هێزە ئەمنییەکانی شارەکە کرا لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودابن.


درەنگانی شەوی ڕابردوو بۆ جاری دووەم کۆنسوڵگەری ئێران لە شاری نەجەف لەلایەن خۆپیشاندەرانی عێراقیییەوە سووتیندرا، دوابەدوای ئەمە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی فورات و فەرماندەیی پۆلیسی نەجەف بانگهێشتی سەرجەم هێزە ئەمنییەکانیان کرد و حاڵەتی ئامادەباشییان ڕاگەیاند.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لوئەی یاسری پارێزگاری نەجەف، داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردووە، بە خێرایی بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتنەکان دەست بەکاربێت و لەسەر ئەو ڕووداوانە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات.

کاربەدەستێکی ئەمنیی عێراقی بە سومریە نیوزی ڕاگەیاندووە: هێزە ئەمنییەکانی شاری نەجەف لە بەرزترین ئاستی هۆشداری واتا "دۆخی ج" و سەداسەد، لە حاڵەتی ئامادەباشیدان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە شەوی ڕابردووش ژمارەیەک هێز لە بەغداوە هاتوونەتە نەجەف تا کۆتایی بە قەیرانەکە بێنن.

جێگای ئاماژەیە کە شەوی ٢٧ی مانگی ڕابردوو خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر کۆنسوڵگەری ئێران لە نەجەفدا گرت و سووتاندیان، ماوەیەکیش لەمەوبەر خۆپشاندەران لە شاری کەربەلا هەوڵیاندا دەست بەسەر کۆنسوڵگەری ئێران لەو شارەدا بگرن.

ک.س