لە شیمالی ئێران ٢ کەس کوژران ٤-یش بریندارن

هێزەکانی پاسەوانی فڕۆکەخانەی سەربازیی سوپای ئێران لە شیمالی ئێران، دەستڕێژی گولـلەیان لە خەڵک کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو کەس کوژراون و چواریش برینداربوون.


دوێنێ لە فڕۆکەخانەی سەربازیی "مەحمودئاباد" سەربە پارێزگای مازەندەران لە شیمالی ئێران، هێزە چەکدارەکانی پاسەوانی فڕۆکەخانەکە کە سەربە سوپای ئێرانن، تەقەیان لە خەڵک کرد، لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی پاسەوانان بۆسەر خەڵکی مەدەنی دوو کەس کوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون.

بە وتەی مەحمود میرفەیزی فەرماندەی پۆلیسی مازەندەران، ئەو ڕووداوە لەسەر زەوییەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەکە بووە، کە هی خەڵکی ناوچەکەیە.

ئاژانسەکانی ئێران سەرەتا ئەم ڕووداوەیان وەک هێرشی نایاسایی هەندێک کەس بۆسەر بنکە سەربازییەکە پیشاندابوو، بەڵام دواتر بە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی تەقەکردنی هێزەکانی پاسەوانی فڕۆکەخانەکە بەڕووی خەڵکی مەدەنی ناچاربوون هەواڵەکانیان ڕاست بکەنەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئاژانسێکی نزیک لە سوپای پاسداران کە هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە نووسیویەتی:"شەش هەزار مەتری چوارگۆشە لە زەوییەکانی  دەوروبەری بنکە سەربازییەکە کە لەلایەن هێزی ئاسمانی سوپای ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، بەرامبەر سکاڵای خاوەنەکانی بەپێی حوکمی دادگا گەڕێندراوەتەوە بۆ خاوەنداری خاوەنەکانیان، دوابەدوای ئەم حوکمە فەرماندەی بنکەکە بە پاساوی ئەوەی پێویستە لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی خۆیەوە قسە بکات ڕێگەی بە جێبەجێی بوونی حوکمەکە نەداوە.

دوای ئەوەی فەرماندەی بنکە سەربازییەکە ڕێگەی بە جێبەجێی بوونی حوکمەکە نەداوە، خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکان لەناو بنکەکەوە تەقەیان لە خەڵک کردووە و دوابەدوای دەستڕێژی گولـلەی ئەو هێزانە دوو کەس کوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون.

س.ح