لە عێراق ١١٣ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکران

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥ هەزار و ٩٤٧ پشکنین ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا ١١٣ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەگەڵ سێ حاڵەتی گیانلەدەستدان، لە بەرامبەریشدا ٧٢ کەس چاکبوونەتەوە.


کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دواین ئاماری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥ هەزار و ٩٤٧ پشکنین ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا ١١٣ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، کە ٦١ توشبوویان لە بەغدا بووە،  ٢٤ کەس لە بەسرە و نۆ لە سلێمانی دوو کە لە نەجەف و هەشت کەس لە هەولێر و سێ کەس لە زیقار و دوو کەس لە واست و چوارکەسیش لە سەڵاحەدین و کەرکوک و بابل و کەربەلا بووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراقدا چاکبوونەوەی ٧٢ توشبووی کۆرۆنا ڕاگەیەندراوە، کە ٣٦ توشبوویان لە بەغدا و شەش لە بەسرە و ١٧ کەس لە کەربەلا و پێنج کەس لە کەرکوک و هەشت کەس لە میسان بووە .

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بە گیانلەدەستدانی سێ توشبووی کۆرۆنا کراوە لەشاری بەغدا.

لەکۆتایشدا ئاماری گشتی توشبووانی کۆرۆنا خراوەتە ڕوو، کە ٣ هەزار و ٧٢٤ کەسە، کە ٢ هەزار و ٤٣٨ کەسیان چاکبوونەتەوە و ١٣٤ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

د.ع