لە عێراق ٨٧ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکران

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، کە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦ هەزار و ٧٠ پشکنین ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا ٨٧ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەگەڵ حەوت حاڵەتی گیانلەدەستدان، لە بەرامبەریشدا ٤٩ کەس چاکبوونەتەوە.


کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دواین ئاماری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٦ هەزار و ٧٠ پشکنین ئەنجامدراوە، لە ئەنجامدا ٨٧ توشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، کە ٤٨ توشبوویان لە بەغدا بووە، دوو کەس لە بەسرە و پێنج لە سلێمانی پێنج لە هەولێر و کەسێک لە نەجەف و چوار کەس لە دیالە و سێ کەس لە کەربەلا و ١٢ کەس لە زیقار و کەسێکیش لە نەینەوا بووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی عێراقدا چاکبوونەوەی ٤٩ توشبووی کۆرۆنا ڕاگەیەندراوە، کە ٣٧ توشبوویان لە بەغدا و نۆ لە بەسرە و سێ کەس لە زیقار بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بە گیانلەدەستدانی حەوت توشبووی کۆرۆنا کراوە لە بەغدا.

لەکۆتایشدا ئاماری گشتی توشبووانی کۆرۆنا خراوەتە ڕوو، کە ٣ هەزار و ٩٦٤ کەسە، کە ٢ هەزار و ٥٣٢ کەسیان چاکبوونەتەوە و ١٤٧ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

د.ع