لە قەندیلەوە پەیامی یەکگرتن و سەرکەوتن دەدرێت

قەندیل بووەتە بڵندگۆی بانگی یەکگرتنی کورد و شکاندنی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان و ڕاوەستانەوە دژی داگیرکاریی هەموو ئەو داخوازییانە لە پەیامەکاندا دیار دەبێت.


لە میانەی ئاهەنگی پیرۆزکردنی نەورۆز و سەری ساڵی ٢٧١٩ی کوردی لە بناری قەندیل، چەندین پەیامی حزب و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگای مەدەنی و کلەسایەتییەکان پێشکەشکرن.

لەو ئاهەنگەدا، محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، وتاری کۆمیتەی ئامادەکاری ئاهەنگەکەی پێشکەشکرد و وێڕای بەخێرهاتنکردنی ئامادەبووان وتی: هیوادارین ئەم نەورۆزە ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی کورد.

 

دواتر وتاری تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەلایەن شیلان شاکر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان-ڕژاک پێشکەشکرا و وێڕای سڵاوکردن لە بەرخۆدانی مانگرتووان و شەڕڤانان و گەریلا، ئاماژەیان بەوەکرد، کە بە پێشەنگایەتیی خەباتگێڕانی کورد، بنەماکانی نەورۆز پێکهاتوون کە بەرخۆدان، سەرکەوتن و ئازادییە.

هەروەها، بزوتنەوەی گۆڕان بروسکەی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئامادەبووان کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئاهەنگەکەدا، وتاری شاندی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن مریەم ئیبراهیم، نوێنەری شاندەکەوە پێشکەشکرا و تیێدا جەژنی نەورۆزی لە کورد، عەرەب، ئاشور و سریان و"کاوەی ئاسنگەری دووەم (عەبدوڵا ئۆجالان)" پیرۆزکرد.

وتیشی: عەبدوڵا ئۆجالان تەنها سەرۆکی کورد نییە، بەڵکو سەرۆکی هەموو گەلانی ئازادیخوازی جیهانە، پێویستە ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ لە بەرامبەر دۆخی ئۆجالان بێدەنگ نەبن.

هەروەها مام هادی، باوکی شەهید باشور سۆران وتاری بنەماڵەی شەهیدانی پێشکەشکرد و وتی:"ئێمە سێ دووژمنی سەرەکیمان هەیە کە دەوڵەتانی عەرەب، تورک و فارسن، بەڵام هەتا دڵۆپێک خوێنمان مابێت، بەردەوام دەبین لە خەبات و بەرخۆدان".

هەر لە ئاهەنگەکەدا، شەیما عەدنان-ی مانگرتوو، لەسەر ناوی مانگرتووانی باشوری کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد و نەورۆزی لە لە عەبدوڵا ئۆجالان، لەیلا گوڤەن و سەرجەم مانگرتووان پیرۆزکرد.

جەختیشیکردەوە، کە لە مانگرتن بەردەوام دەبن و گۆشەگیریی تێکدەشکێنین و فاشیزم هەڵدەوەشێنینەوە و کوردستان ئازاد دەکەن، وتیشی: بە ڕۆحییەتی بەرخۆدانی لەیلا گوڤەن و شیلادزێ، نەورۆز دەکەینە نەورۆزی سەرکەوتن.

دواتر، مەلا نادر، وتاری جڤاکی ئیسلامی دیموکراتی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی نەورۆزی لە لەیلا گوڤەن و تەواوی مانگرتووان کرد و وتیشی: گەلی کورد زۆردار نییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەتانی دراوسێ هێرشمان بکەنە سەر ئەوا پارێزگاریی لە خۆمان دەکەین و لە نەورۆزەوە سەرکەوتن ڕادەگەیەنین.

ئاماژەی بەوەشکرد: هەمیشە جەژنی نەورزۆ جەژنی سەرکەوتن بووە بۆ کورد، ئێستاش کە نەورۆز پیرۆز دەکەین، لە بۆنەی تێکشکاندنی چەتەکانی داعشداین لەسەر دەستی شەڕڤانان.

هەریەکە لە عەشیرەتی سورچی، عەشیرەتی جاف بروسکەی پیرۆزباییان ئاراستەی ئاهەنگەکە کرد، هاوکات مەلا سامان سەنگاویش وتارێکی پێشکەشکرد.

هەر لە درێژەی ئاهەنگەکەدا، چەندین گۆرانی و بەرهەمی هونەریی پێشکەشکران و تا ئێستاش ئاهەنگەکە بە گۆرانی و شادی و هەڵپەڕکێ بەردەوامە.

ش.ف