لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا چەند سەربازێکی ئێران کوژراون

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند خاڵێکی سەربازییان لە ناوچەی مسیاف لە پێدەشتەکانی حەما-ی سوریا کردە ئامانج، ڕاگەیەندراوە لەو هێرشەدا "چەندین سەربازی ئێران لەو وڵاتە کوژراون".


ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سوپای ئاسمانی ئیسرایل بۆسەر خاڵە سەربازییەکان لە مسیاف، "١٧ ئەندامی هێزەکانی ڕژێمی سوریا بریندار بوون و ژمارەیەکیش لە هێزەکانی ئێران کوژراون".

هەر ئەمڕۆ، ئاژانسی سانا لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە ڕایگەیاندبوو کە، کاتژمێر ٠٢:٣٠ خۆلەکی بەرەبەیانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی لوبنانەوە چەند خاڵی سەربازییان لە ناوچەی مسیاف لە پێدەشتەکانی حەما-ی سوریایان کردووەتە ئامانج و و سیستمی پاراستنی سوریا وەڵامی مووشەکەکانی داوەتەوە و زۆرینەیانی بێکاریگەر کردووە.

سانا هەروەها ڕایگەیاندبوو، کە لەو هێرشەدا چەندین بینا ڕووخاون و سێ سەربازیش بریندار بوون.

بەڵام ڕوانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، "لە ئەنجامی هێرشەکەی سەر مسیاف، ١٧ ئەندامی هێزەکانی ڕژێمی سوریا برینداربوون و ژمارەیەکیش لە سەربازانی هێزەکانی ئێران و چەکدارەکانی سەر بە ئێران کوژراون".

س.ح