ماوەی قەدەغەی هاتووچۆ لە بەغدا کەمکرایەوە و خۆپیشاندان بەردەوامە

خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەغدا کاتژمێرەکانی قەدەغەی هاتووچۆی لە پایتەخت کەمکردەوە، سەرۆک وەزیران و فەرماندە ئەمنییەکانی عێراقیش کۆبوونەوە.


ئەمڕۆ ١٠ ڕۆژە خۆپیشاندانەکانی عیراق بەردەوامە و شەقامەکان چۆڵ ناکرێت، شەوی ڕابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکانی عێراق و وەزیری ناوخۆ کۆبووەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەغداش کاتژمێرەکانی قەدەغەی هاتووچۆی کەمکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، شەوی ڕابردوو عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکانی عێراق و وەزیری ناوخۆ کۆبوونەتەوە و دۆخی عێراقیان تاووتوێ کردووە.

هەروەها بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەغدا، کاتژمێرەکانی قەدەغەی هاتووچۆ لە بەغدا کە پێشتر لە کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو تا ٠٦:٠٠ی بەیانی بووە، کەمکراوەتەوە بۆ کاتژمێر ٠٢:٠٠ی بەرەبەیان تا ٠٦:٠٠ی بەیانی.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەردەوامە و خەڵک بڕیاریان داوە تا داواکارییەکانیان جێبەجێی نەکرێت، پاشەکشی نەکەن و لە شەقامەکان بمێننەوە.

دوێنێ لە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆسەر خۆپیشاندەران کە بەندەری ئوم قەسری بەسرەیان داخستووە، نزیکەی ١٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران بریندارببوون.

لە بەغداش سەرەڕای قەدەغەی هاتوچۆ خۆپیشاندەران لە شەقامەکانن و چۆڵی ناکەن، هەر دوێنێش لە بەغدا دوو خۆپیشاندەر لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر کوژران و بە گشتی زیاتر لە ٩٠ خۆپیشاندەر بریندار بوون، هەروەها هەر شەوی ڕابردوو شەقامی محەمەد قاسم-ی بەغدا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرا.

لە پارێزگای زیقار و لە شاری ناسریەش دەیان هەزار کەس لە مەیدانی 'حبوبی' کۆبوونەوە و داواکارییەکانیان دووبارە کردەوە، لە شاری 'حلە'ش لە پارێزگای بابل هەزاران کەس کۆبوونەوە و داوای هەڵوەشاندەنەوەی حکومەتیان کرد.

س.ح