منداڵە ئەشکەنجەدراوەکەی بەغدا گیانی لەدەستدا

ئەو منداڵە تەمەن حەوت ساڵەی لەلایەن خێزانەکەیەوە لە بەغدا ئەشکەنجە درابوو، گیانی لەدەستدا.


ئەمڕۆ ڕەهف مەیسر، تەمەن حەوت ساڵ گیانی لەدەستدا، ئەوەش دوای چەند ڕۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر، ڕەهف لە شاری بەغدا لەلایەن خێزانەکەیەوە ئەشکەنجە درابوو.

ڕەهف پێشتر بە تووندترین شێوە لەلایەن خێزانەکەیەوە ئەشکەنجەدرابوو، هەروەها به‌شێکی جەستەی سووتێندرابوو، بەرپرسانی تەندروستی عێراق باسیان لەوە کردوە، که‌ کچه‌ منداڵه‌ حه‌وت ساڵه‌که‌ به‌رگه‌ی ئازاره‌کانی نه‌گرتووه‌ و سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌کانی پزیشکه‌کان، بەڵام هەر گیانی لەدەستداوە.

دوێنێش نەخۆشخانەی گشتی سەدر لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی دۆخی تەندروستی منداڵەکەوە باسی لەوە کردبوو: "ئەو منداڵە لەلایەن خێزانەکەیەوە دووچاری ئەشکەنجەدانێکی سەخت بووەتەوە، زگ و پشتی و بەشەکانی دیکەی جەستەی سووتێندرابوون، سەری زەبری بەرکەوتبوو، بەهۆیەوە لە دەماغیەوە دووچاری خوێنبەربوون بووبوو".

لە بارەی ئەو ڕووداوەوە، بەرپرسانی پاراستنی خێزان و منداڵان و بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایانگەیاند: ڕێوشوێنی تووندوتۆڵ گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ ده‌ستگیرکردنی ئه‌نجامده‌رانی ئەو تاوانە و سزادانیان.

 

ک.ک