موسەوی: ئێران دژی هەبوونی سەربازیی تورکیایە لە سوریا

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: ئێران دژی هەبوونی سەربازی تورکیایە لە خاکی سوریادا و ئامادەییی وڵاتەکەشی پیشاندا لە نێوان سوریا و تورکیا ناوبژیوانی بکات.


ئەمڕۆ عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە تارانی پایتەخت، باسی لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و سیاسەتەی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد.

موسەوی لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، وتی: پێویستە سەروەری خاکی سوریا لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە ڕەچاو بکرێت، ئێران ئامادەیە هاوکاری  تورکیا و سوریا بکات کە ڕوانگەکانیان لێک نزیک بکەنەوە و هیوادارین لە زووترین کاتدا بگەنە چارەسەرێکی سەقامگیر.

موسەوی لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: هەبوونی سەربازی تورکیا لە خاکی سوریا قبوڵکراو نییە و دەستدرێژییە بۆسەر سەروەری خاکی سوریا، کە ئێران و وڵاتانی دیکەش دژایەتیی دەکەن.

ک.س